هەولێر..هەفتە فیلمی ئەڵمانی و فەڕەنسی و کوردی بەڕێوەچوو
خولی دووەمی هەفتە فیلمی ئەڵمانی و فەڕەنسی و کوردی، بە هاوبەشی فیلمسازانی کورد و وڵاتانی تری بیانی لە هەولێر لە ڕۆیاڵ مۆڵ لە سینەما هەولێر بەڕێوەچوو و بۆ ماوەی چوار ڕۆژ بەردەوام دەبێت.
ئەمڕۆ شەممە، 24ی کاتوونی دووەمی 2026، فیلمساز و سینەماکار، زەهاوی سنجاوی، دەربارەی بەڕێوەچوونی هەفتە فیلمی ئەڵمانی و فەڕەنسی و کوردی لە هەولێر، بە کوردستان24ی ڕاگەیاند: ئەوە خولی دووەمی هەفتە فیلمی ئەڵمانی و فەڕەنسی و کوردییە، لە خولی یەکەم 8 ڕۆژ بوو هەفتە فیلمەکە، بەڵام بۆ ئەمساڵ ڕۆژەکەمان کەمکردۆتەوە بۆ 4 ڕۆژ، هەروەها هەوڵ دەدەین بەشێوەی وەرزی ئەو هەفتە فیلمە بەڕێوە ببەین، ئەو فیلمانەی کە لەڕووی هونەری و بابەتەوە کوالێتییەکی زۆر باشیان هەیە نمایش دەکەین.
زەهاوی سنجاوی گوتیشی: ئێمە لەو هەفتە فیلمەدا 4 فیلم نمایش دەکەین، فیلمەکان بە ژێرنووسی کوردییە، بەڵام فیلمی "ئەزموون" کە لە دەرهێنانی شەوکەت ئەمینە، ئێمە گفتووگۆیەکمان ساز کرد لەنێوان بینەران و دەرهێنەر، بەڵام بۆ فیلمە بیانییەکان، هەوڵ دەدەین زانیاری لەسەر فیلمەکان بە بینەران بڵێین.
زەهاوی سنجاوی باس لە چیرۆکی فیلمێکی ئەڵمانی دەکات کە نمایش کرا و دەڵێت: فیلمی سینەمایی "ئایوی خۆشەویست" کە فیلمێکی ئەڵمانییە و چیڕۆکەکەی باس لە کچێکی نیوە ئەفریقی و ئەڵمانی دەکات کە لە ئەڵمانیا دەژی، ڕۆژێک کچێکی تر دێتە بەر دەرگای ماڵی و پێی دەڵێت کە ئەو خۆشکییەتی و باوکیان لە سەنیگال کۆچی دوایی کردووە، ئایڤی پێشتر نە باوکی بینیبوو و نە زڕ خوشکەکەی، هەر بۆیە، ئەو هەواڵە و تێکەڵاوبوون لەگەڵ خوشکی وای لێ دەکات جارێکیتر بە نازناو، کولتوور و ناسنامەی خۆیدا بچێتەوە.
جێگەی ئاماژەیە، هەفتە فیلمی ئەڵمانی و فەڕەنسی و کوردی، بۆ ماوەی چوار ڕۆژ بەردەوام دەبێت و چوار فیلم نمایش دەکرێت، فیلمەکان وەکو، notre dame brule، ئەزموون ئایوی خۆشەویست، divertimento.