ئیسرائیل باشووری لوبنانی بۆردومان کرد

ڕۆژی یەکشەممە 25ـی کانوونی دووەمی 2026، میدیا عەرەبییەکان بڵاویان کردەوە، سوپای ئیسرائیل چەند هێرشێکی ئاسمانی کردووەتە سەر ناوچە جیاوازەکانی لوبنان؛ لە رۆژهەڵاتەوە ناوچەی "جەرود جنتا" لە دۆڵی بیقاع کراوەتە ئامانج، هاوکات لە هێرشێکی دیکەدا زنجیرە چیای "نەبی شیت" بۆردوومان کراوە.

لەلایەکی دیکەوە، دوو هێرشی ئاسمانیی سەخت ناوچەی نێوان "بیر سەلاسیل" و "خیربەت سلم"ـیان کردە ئامانج. ئاژانسی هەواڵی نیشتمانیی لوبنان بڵاوی کردەوە، فڕۆکەکانی ئیسرائیل دوو هێرشی جیاوازیان ئەنجامداوە و جەرگەی شارۆچکەی "کەفر دونین" و "بیر سەلاسیل"ـیان کردووەتە ئامانج، بەڵام ئاماژەی بە زیانە گیانی و ماددییەکان نەکردووە، هاوکات رایگەیاندووە، دەستبەجێ تیمەکانی فریاکەوتن رەوانەی شوێنی رووداوەکە کراون.

لە تشرینی دووەمی 2024ـەوە رێککەوتنی ئاگربەست لە نێوان ئیسرائیل و لوبنان کاری پێ دەکرێت، بەڵام ئیسرائیل بەردەوام بووە لە هێرشەکانی بۆ سەر ناوچە جیاوازەکان بەتایبەت لە باشووری لوبنان و حزبوڵڵای لوبنانی تۆمەتبار کردووە بە بنیاتنانەوەی توانا سەربازییەکانی.

لە تشرینی یەکەمی 2023، حزبوڵڵای لوبنان هێرشی کردە سەر باکووری ئیسرائیل و دواتر سوپای ئیسرائیل وەڵامی دایەوە. لە تشرینی دووەمی 2024، هەردوولا ئاگربەستیان راگەیاند، بەڵام ئیسرائیل بەردەوام بووە لە بۆردوومانکردنی باشووری لوبنان، ئەمەش پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو لایەنی ئاڵۆزتر کردووە.