تەقینەوەیەک قوتابخانەیەکی جووەکانی لە ئەمستردام کردە ئامانج

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، ئەمڕۆ شەممە، لە زاری میدیاکانی هۆڵەنداوە بڵاویکردەوە، تەقینەوەیەک لە شاری ئەمستردام روویداوە و زیانی بە قوتابخانەیەکی جووەکان گەیاندووە.

ڤیمکێ هالسێما، سەرۆکی شارەوانی ئەمستردام رایگەیاند؛ پێیوایە ئەو تەقینەوەیەی لە درەنگانی شەودا روویداوە، هێرشێکی مەبەستدار بووە دژی کۆمەڵگەی جووەکان لە شارەکەدا.

دوای رووداوەکە، هێزەکانی پۆلیس و تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە بە خێرایی گەیشتوونەتە شوێنی مەبەست بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دۆخەکە. بەگوێرەی راپۆرتە سەرەتاییەکان، زیانە ماددییەکانی بیناکە سنووردار بوون.

تاوەکو ئێستا لایەنە پەیوەندیدارەکان هیچ زانیارییەکی فەرمییان دەربارەی هەبوونی بریندار یان قوربانی لە ئەنجامی ئەو تەقینەوەیە بڵاونەکردووەتەوە.