حكوومهتی عێراق دهرماڵهی مامۆستا و فەرمانبەرانی پەروەردە دهبڕێت
بڕیارێکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بۆ کەمکردنەوە و بڕینی دەرماڵەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی وەزارەتەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا، کاردانەوەی توندی لێکەوتەوە. لە کەرکووک مامۆستایان و فەرمانبەران دەڕژێنە سەر شەقامەکان و هۆشداری دەدەنە حکوومەت کە دەست بۆ قووتی ئەوان نەبات.
حکوومەتی عێراق بە ئامانجی گەڕاندنەوەی داهات بۆ بودجەی گشتیی، هەنگاوێکی نا جەماوەری نا؛ ئەویش بڕینی دەرماڵەی مامۆستا و فەرمانبەرانی کەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵایە. ئەم بڕیارە تەنیا لە یەک ڕۆژدا چوار خۆپیشاندانی گەورەی لە شاری کەرکووک لێکەوتەوە.
خۆپیشاندەران باس لەوە دەکەن کە ئەم دەرماڵانە شایستەیەکی یاسایی خۆیانە و پاش ساڵانێکی زۆر لە خزمەت، حکوومەت لە جیاتی پاداشت، دەستی بردووە بۆ بڕینی مووچەکانیان.
رێبوار عەلی، مامۆستا، لە لێدوانێکدا دەڵێت: "ئەگەر حکوومەت دەیەوێت پارە بۆ خەزێنەی دەوڵەت بگەڕێنێتەوە، با بڕیار لەسەر کەمکردنەوەی ژمارەی ئەندام پەرلەمانەکان بدات کە 329 کەسن، نەک دەست بۆ دەرماڵەی مامۆستایان ببات کە بە چەندین ساڵ خزمەت بەدەستیان هێناوە."
هودا عیماد، فەرمانبەر، ئاماژە بەوە دەکات: "ئەمە مافی خۆمانە و پاشەکشەی لێ ناکەین. ئێمە ساڵانێکی زۆر تەمەنی خۆمان لە خزمەتدا بەسەر بردووە، نابێت حکوومەت بەم شێوەیە مامەڵەمان لەگەڵ بکات."
بەپێی ئامارەکان، لە عێراقدا نزیکەی ٤.٥ ملیۆن فەرمانبەر هەن. ساڵانە زیاتر لە 47 ملیار دۆلار بۆ مووچەکانیان تەرخان دەکرێت، کە ئەمەش نزیکەی سەدا 65ـی کۆی داهاتی وڵات پێکدەهێنێت. ئەم بارگرانییە داراییە وای لە حکوومەت کردووە پەنا بۆ بڕینی دەرماڵەکان ببات، بەڵام ئەم بژاردەیە لەسەر حسابی بژێوی خەڵکە.
مامۆستایان و فەرمانبەران لە کەرکووک و شارەکانی دیکەی عێراق داوا دەکەن حکوومەتی سوودانی لە بڕیارەکەی پاشەکشە بکات، دەنا شەپۆلی ناڕەزایەتییەکان فراوانتر دەبن. وەک خۆپیشاندەران دەڵێن: "چاکسازی دارایی نابێت لە گیرفانی فەرمانبەرانی سادەوە دەستپێبکات."