چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ یەکلاکردنەوەی کاندیدی سەرۆککۆمار کۆدەبێتەوە
بەمەبەستی دروستکردنی کۆدەنگی و یەکلاکردنەوەی کاندیدێک بۆ پۆستی سەرۆککۆمار، بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی کۆببنەوە، ئەوەش وەک ئامادەکارییەک بۆ دانیشتنی سبەی پەرلەمانی عێراق کە تێیدا لەنێو 18 کاندیددا سەرۆککۆماری نوێ هەڵدەبژێردرێت.
بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە 26ـی کانوونی دووەمی 2026، کاتژمێر 7:00ی ئێوارە، سەرکردە و لایەنە سیاسییەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی کۆببنەوە، ئەوەش بە مەبەستی تاوتوێکردنی دانیشتنی سبەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و یەکلاکردنەوەی هەڵوێستیان سەبارەت بە دیاریکردنی کاندیدێک بۆ پۆستی سەرۆککۆمار.
بەپێی زانیارییەکان کە لە سەرچاوەکانی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان، هاوپەیمانیی نەسڕ، ڕەوتی حیکمە و هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاساەوە بە کوردستان24 دراون؛ تا ئێستا لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی نەگەیشتوونەتە کۆدەنگیی تەواو لەسەر کاندیدێکی دیاریکراو، بۆیە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا هەوڵی چڕ دەدەن بۆ ئەوەی لەسەر ناوێک ڕێکبکەون و بە یەک دەنگی بچنە نێو دانیشتنەکەی پەرلەمانەوە.
ئەم جموجوڵە سیاسییە لە کاتێکدایە، بڕیارە سبەی کاتژمێر 11:00ی پێشنیوەڕۆ، پەرلەمانی عێراق کۆببێتەوە و بەپێی کارنامەی دانیشتنەکە، پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری نوێی عێراق بەڕێوەدەچێت.
سەرەتا 81 کەس خۆیان بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە کاندید کردبوو، بەڵام دوای ڕێکارە یاساییەکان ئێستا تەنیا 18 کاندید لە کێبڕکێکەدا ماونەتەوە.