چێنەر نزار: دەمەوێ مێژوو و قوربانییەکانی گەلەکەم لە رێگەی فۆڕم و ماتریاڵەوە بە نەمری بهێڵمەوە

چێنەر نزار، پەیکەرسازی کورد، لەو چاوپێکەوتنە تایبەتەیدا تیشک دەخاتە سەر کارە هونەرییەکانی خۆی و باس لە نوێترین پڕۆژەی هونەری خۆی دەکات.

 چێنەر نزار دەڵێت، "دوو پڕۆژەی نوێم هەیە، یەکەمیان هەوڵمداوە ئازایەتی و ئەو رۆحە خۆڕاگرەی کوردانی رۆژئاوای کوردستان بەرجەستە بکەم کە لە بەرەکانی جەنگدا رووبەڕووی تاریکی دەبنەوە. هەروەها پڕۆژەی "کەزی"، کەزی لای من سیمبولی تێکۆشان و شکۆی ژنی کوردە کە مێژوویەکی نوێی بۆ ئازادی نووسیوەتەوە. ئێستا هەردوو پڕۆژەکەم لە پڕۆسەی جێبەجێکردندایە."

پەیکەرسازی کورد، دەربارەی ئەزموونی هونەری خۆی بە کوردستان24ی گوت، "ئەزموونی من بە چەند قۆناخێکدا تێپەڕیوە، بەڵام ئەوەی گرنگ بووە بۆم ئەوە بووە کە لە ژینگەیەکدا گەورە بووم کە پڕە لە چیرۆکی نەمانی و خۆڕاگری و بابەتی نەتەوەیی، بۆیە لە زۆربەی کارەکانمدا، هەوڵم داوە سیمای مرۆڤی کورد، خەمەکانی و شکۆمەندییەکەی بەرجەستە بکەم، من نامەوێت تەنیا پەیکەرێک بۆ جوانی درووست بکەم، بەڵکو دەمەوێت کاتێک رێبوارێک لە شەقامێکدا سەیری پەیکەرێکی من دەکات، هەست بە مێژووی گەلەکەم  بکات، ئەوەی لەم ساڵانەی دواییدا لە ئەزموونم فێری بووم، ئەوەیە کە هونەرمەند نابێت لە یەک شوێندا رابوەستێت، من هەمیشە لە گەڕاندام بەدوای بابەتە مێژووییە گرنگەکان، پەیکەرسازی بۆ من کۆتایی نایەت و بەردەوام لە هەوڵی باشترکردنی کارەکانمدام."

 چێنەر نزار گوتیشی، "بە بڕوای من، پەیکەرسازی راستەقینە و سەرکەوتوو ئەو هونەرمەندەیە کە بتوانێت هاوسەنگییەکی تەواو لە نێوان "تەکنیک" و "فکر" دا دروست بکات، چونکە پەیکەر تەنیا کەرەستەیەکی رەق نییە، بەڵکو زمانێکی دەربڕینە، پەیکەرساز دەبێت شارەزایەکی وردی کەرەستەکان بێت، هەڵبژاردنی باشترین ماتریاڵ تەنیا بۆ جوانی نییە، بەڵکو بۆ دڵنیابوونەوەیە لە تەمەنی درێژی بەرهەمەکە، لایەنێکی دیکەی گرنگ ئەوەیە کە پێویستە هونەرمەند خاوەنی ستایلی تایبەتی خۆی بێت بە جۆرێک بینەر هەر لەگەڵ بینینی کارەکەدا، بێ ئەوەی سەیری ناو بکات، شێوازی کارەکە بناسێتەوە و خاوەنی مۆرکی خۆی بێت، هەروەها پەیکەرسازی بەبێ فکر، تەنیا وەستاییەکی وشکە، پێویستە هونەرمەند بەردەوام لە پڕۆسەی خۆنوێکردنەوە و ئەبدەیتدا بێت، کارێکی هونەری سەرکەوتوو ئەو کارەیە کۆنسێپتێکی قووڵ لەپشت فۆرمەکانەوە بشارێتەوە، کاتێک بینەر لەبەردەم پەیکەرەکەدا دەوەستێت، یان راستەوخۆ لە پەیامەکە تێبگات، یان پرسیارێکی گەورە لە مێشکیدا گەڵاڵە ببێت."

ئەو پەیکەرسازە باس لە چۆنییەتی دروستکردنی پەیکەرەکانی دەکات و دەڵێت، "بۆ من، دروستکردنی هەر پەیکەرێک گەشتێکی دوورودرێژە، پڕۆسەکە لە هێڵکاریەوە دەست پێ دەکات، کە تێیدا فۆرمەکە و بیرۆکەی کارەکەم دەخەمە سەر کاخەز، دوای ئەوە، قۆناخی بەرجەستەکردن دێت لە رێگەی بەکارهێنانی قوڕێکی تایبەتەوە دەتوانم فۆرمەکە بەرجەستە بکەم تا ئەو کاتەی دەگەمە ئەو ئەنجامەی مەبەستمە، پاشان قۆناخی قاڵبگرتن و داڕشتن دەست پێ دەکات، لە ماوەی کارکردنمدا زۆرترین ماتریاڵم تاقی کردووەتەوە بۆ ئەوەی بزانم کامەیان باشترینن بۆ مانەوە، بێگومان ئەگەر باسی کوالێتی و مێژوو بکەین، "بڕۆنز" باشترین بژاردەیە بۆ مانەوەی ئەبەدیی پەیکەر، بەڵام بەهۆی نەبوونی کارگەی تایبەت بە بڕۆنز و ئەو ئاستەنگە تەکنیکیانەی لەبەردەمماندایە، رێگەیەکی جێگرەوەم گرتووەتە بەر. ئامانجی من ئەوەیە هەر کارێک کە دەیکەم، تەنیا وەک جوانکاری نەمێنێتەوە، بەڵکو وەک بەشێک لە مێژوو بۆ نەوەکانی داهاتوو و یان هەر بینەرێکی دیکە بمێنێتەوە."
  
چێنەر نزار ئاماژەی بەوەش دا، "لە ماوەی کارکردنی هونەری خۆمدا، شانازی دەکەم کە خاوەنی زیاتر لە 50 پەیکەر و پڕۆژەی هونەریم. ئەم کارانە تەنیا لە یەک شوێندا نین، بەڵکو بە شێوەیەکی فراوان لە زۆربەی شارەکانی کوردستان و عێراق بڵاوبوونەتەوە، هەر یەکێک لەو پەیکەرانە، گێڕانەوەی چیرۆکێکی چارەنووسساز یان رێزگرتنە لەو کەسایەتییە دیارانەی کە جێ پەنجەیان لە مێژووی ئێمەدا دیارە."
 

ئەو پەیکەرسازە باسی لەوەش کرد، "بڕوای تەواوم بەوە هەیە کە "هونەر چەکی دەستی هونەرمەندە"، وەک چۆن شۆڕشگێڕێک بە چەکەکەی پارێزگاری لە خاک دەکات، منیش وەک پەیکەرسازێکی کورد، ئەرکی نەتەوەیی و ئەخلاقیی خۆم لەوەدا دەبینمەوە کە مێژوو و قوربانییەکانی گەلەکەم لە رێگەی فۆرم و ماتریاڵەوە بە نەمری بهێڵمەوە، وەک چۆن بەردەوام لەسەر شەقام و لەناو خۆپیشاندانەکاندا دەنگمان هەبووە، ئێستا کاتی ئەوەیە ئەو هاوار و ئیرادەیە بکەینە جەستەیەکی پۆڵایین."

  لەکۆتایی قسەکانیدا، چێنەر نزار، پەیکەرسازی کورد، باس لە پڕۆژەی نوێی هونەری خۆی دەکات و دەڵێت، "دوو پڕۆژەی نوێم هەیە، یەکەمیان هەوڵمداوە ئازایەتی و ئەو رۆحە خۆڕاگرەی کوردانی رۆژئاوای کوردستان بەرجەستە بکەم کە لە بەرەکانی جەنگدا رووبەڕووی تاریکی دەبنەوە. هەروەها پڕۆژەی "کەزی"، کەزی لای من سیمبولی تێکۆشان و شکۆی ژنی کوردە کە مێژوویەکی نوێی بۆ ئازادی نووسیوەتەوە. ئێستا هەردوو پڕۆژەکەم لە پڕۆسەی جێبەجێکردندایە."
  
 چێنەر نزار، پەیکەرسازی کورد، لە ساڵی 1986 لە شاری سلێمانی لەدایکبووە. پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی سلێمانی بەشی پەیکەرسازی تەواو کردووە. بەشداری 60 پێشانگەی هاوبەش لە ناو کوردستان و 4 پێشانگەی هاوبەش لە دەرەوەی کوردستان کردووە.