لە ترسی بۆردومان تاران چۆڵ دەکرێت

باکووری ئێران قەیرانی سووتەمەنی و گرانی گرتەوە

لەگەڵ پەرەسەندنی هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر تاران، هەزاران نیشتەجێی پایتەخت بەرەو کەناراوەکانی دەریای قەزوین لە باکووری وڵات رادەکەن. ئەم کۆچە بەکۆمەڵە وەک ئاماژەیەکی روون بۆ فراوانبوونی کاریگەرییە راستەوخۆکانی جەنگ لەناوخۆی ئێراندا دەبینرێت.

شارە کەناراوەییەکانی وەک "بابولسەر و تەنکابن" نزیکەی 200 کیلۆمەتر لە باکووری تارانەوە دوورن، ئێستا بوونەتە مەڵبەندی ئارامی بۆ ئاوارەکان. ئاژانسی "فرانس پرێس" لە زاری یەکێک لە ئاوارەکانەوە  دەڵێت: "خەڵک لەم ناوچانەدا بەزەحمەت درک بە بوونی جەنگ دەکەن." لەم شارانەدا دەنگی تەقینەوەکان نابیسترێت و بازاڕ و دوکانەکان کراوەن، ئەمەش هەستێکی کاتیی بە سەقامگیری بە هاووڵاتییان بەخشیوە.

سەرەڕای ئەو هێمنییەی هەیە، ناوچە میواندارەکان رووبەڕووی ئالنگاری گەورە بوونەتەوە. کەمبوونی سووتەمەنی و دیاریکردنی بڕی بەنزین بۆ هەر ئۆتۆمبێلێک بووەتە هۆی دروستبوونی ریزێکی درێژ لەبەردەم وێستگەکاندا. هەروەها، سەرەڕای هەبوونی کەلوپەل لە بازاڕەکاندا، نرخەکان بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبوونەتەوە.

بەگوێرەی گوتەی دانیشتووان، دۆخەکە لە رۆژدا ئاسایی دەردەکەوێت، بەڵام شەوانە بەهۆی هاتنە سەر شەقامی لایەنگرانی حکوومەت، سیمای شارەکان دەگۆڕێت و جۆرێک لە گرژیی ناوخۆیی هاوتەریب لەگەڵ جەنگەکە دروست دەبێت.

لە لایەکی دیکەوە، بەهۆی توندترکردنی سنووردارکردنی پەیوەندییەکان و ئینتەرنێت لە لایەن دەسەڵاتدارانەوە، بازاڕی فرۆشتنی خزمەتگوزارییەکانی (VPN) گەرم بووە. بەشێک لە دوکانەکان کارەکانیان گۆڕیوە بۆ فرۆشتنی ئینتەرنێت بە نرخێکی گران، وەک هەوڵێک بۆ تێپەڕاندنی ئەو گەمارۆ دیجیتاڵییەی لە کاتی ململانێکاندا سەپێنراوە.