کرێملین: ئەگەری هەیە جەنگی ئێران ببێتە هۆکار بۆ رێککەوتنی رووسیا و ئۆکرانیا
کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا (کرێملین) رایگەیاند، بەهۆی جەنگی ئێرانەوە گفتوگۆکانی ئاشتی لە نێوان واشنتن، مۆسکۆ و کیێڤ بە شێوەیەکی کاتی راوەستاون، ئاماژە بەوەش دەدات کە رەنگە ئەم جەنگە ئۆکراینا ناچار بکات سازش بۆ رووسیا بکات و رێککەوتن واژۆ بکات.
رۆژنامەی "ئیزڤێستیا"ـی رووسی لە زاری بەرپرسانی باڵای وڵاتەکەیەوە بڵاویکردەوە، لە کاتێکدا جەنگ لە ئێران بەردەوامە، گفتوگۆکانی ئاشتی لە نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، رووسیا و ئۆکراینا پەککەوتووە و بۆ ماوەیەکی کاتی راگیراوە.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، کرێملین جەختی لەسەر راگیرانی کاتیی گفتوگۆکان کردووەتەوە و ئاماژەی بەوە داوە، پەرەسەندنی جەنگ لە ئێران دەبێتە هۆکارێک بۆ ئەوەی کیێڤ بەرەو چارەسەری سیاسی و رێککەوتن لەگەڵ مۆسکۆ هەنگاو بنێت.
لە لایەکی دیکەوە، دمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کرێملین رایگەیاند، کیریل دمیتریێڤ، نوێنەری سەرۆکایەتیی رووسیا، بەردەوام دەبێت لە کارەکانی لە بوارەکانی وەبەرهێنان و هەماهەنگی ئابووری، بەڵام گفتوگۆ سێقۆڵییەکان لەم کاتەدا بە تەواوی وەستاون.
ئەم پەرەسەندنانە لە کاتێکدایە، جەنگی ئێران کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر هاوکێشە سیاسییەکانی جیهان دروست کردووە و سەرنجی وڵاتانی رۆژئاوای لەسەر ململانێی رووسیا و ئۆکراینا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گۆڕیوە.