کایا کاڵاس بۆ کوردستان24: یەکێتی ئەوروپا دەیەوێت کۆتایی بەو ئاژاوەیە بێت

بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا ڕایدەگەیەنێت، جەنگی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کاریگەری لەسەر تەواوی جیهان داناوە و هەمووان لە یەکێتی ئەوروپا دەیانەوێت کۆتایی بەو ئاژاوەیە بێت، ئاشکراشیکرد کە لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی لە هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 19ـی ئاداری 2026، لە پەراوێزی کۆبوونەوەی سەرکردەکانی یەکێتی ئەوروپا لە برۆکسڵ، کایا کاڵاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا، لە وەڵامی پرسیارێکی پەیامنێری کوردستان24ـدا لەبارەی گرژییەکانی ئێران و جەنگی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رایگەیاند، "ئەوەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست روودەدات کاریگەری لەسەر تەواوی جیهان هەیە، ئێمە لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە وڵاتانی کەنداو کاردەکەین بۆ ئەوەی چارەسەرێک بۆ کۆتاییهێنان بەم جەنگە بدۆزینەوە."

لەبارەی کاتی تەواوبوونی جەنگەکە، کایا کاڵاس بە کوردستان24ـی گوت، "من قوتووی جادووییم پێ نییە تا پێت بڵێم کەی جەنگەکە کۆتایی دێت، بەڵام ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە، هەمووان لە یەکێتی ئەوروپا دەمانەوێت کۆتایی ئەم جەنگە ببینین، ئێمە دەبینین ئەمە چ ئاژاوەیەکی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست کردووە و هاوکات کاریگەرییەکانی لەسەر جیهانیش دەبینین."

بەرپرسەکەی یەکێتی ئەوروپا تیشکی خستە سەر لێکەوتە ئابوورییەکانی جەنگەکە و ئاماژەی بەوەدا، "لەسەدا 85ـی ئەو نەوت و گازەی بە گەرووی هورمزدا تێپەڕ دەبێت دەچێتە ئاسیا، ئێستا دەبینین کێشە لەوێش دروست بووە، بەهەمان شێوە گواستنەوەی ئەو پەینە کیمیاییەی کە وڵاتانی ئەفریقا پێویستیانە رووبەڕووی گرفت بووەتەوە، بۆ نموونە سەدا 54ـی ئەو پەینەی بۆ سوودان دەنێردرێت لە رێگەی گەرووی هورمزەوەیە."

لە کۆتایی قسەکانیدا، کایا کاڵاس جەختی لە درێژەدان بە هەوڵە دیپلۆماسییەکان کردەوە و رایگەیاند، "ئێمە لەگەڵ هاوبەشە کەنداووییەکانمان، هەروەها میسر و ئوردن لەسەر هێڵین و کاردەکەین بۆ ئەوەی چارەسەرێک بدۆزینەوە، تاوەکو لایەنەکان بتوانن کۆتایی بەم جەنگە بهێنن."