سەرۆکی فەرەنسا: دەبێت عێراق گرووپە چەکدارەکان بوەستێنێت

سەرۆکی فەرەنسا، داوای لە دەسەڵاتدارانی عێراق کرد رێگریی لە گرووپە چەکدارەکان و بکەن لەوەی هێرش بکەنە سەر نێردە دیپلۆماسییەکان، ئەمەش لە کاتێکدایە کە گرژییە ئەمنییەکان لە ناوچەکەدا پەرەی سەندووە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 19ـی ئاداری 2026، ئیمانوێل ماکرۆن، لە پەراوێزی کۆبوونەوەی لووتکەی ئەوروپا لە برۆکسل بە رۆژنامەنووسانی گوت: وڵاتەکەی لە ساڵی 2015ەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش و پاڵپشتی لە سەروەری وڵاتەکەی لە عێراقە و دەشڵێت، شانازی بەم پابەندبوونە دەکەین.

ماکرۆن ئاماژەی بە پەیوەندییەکانی ئەم دواییەی لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد و جەختی لە پشتیوانی پاریس بۆ سەروەری عێراق و یەکپارچەیی خاکی عێراق کردەوە.

سەرۆکی فەرەنسا ئاماژەی بەوەشکرد، وڵاتەکەی "زۆر بەڕوونی" داوا لە عێراق دەکات رووبەڕووی ئەو گرووپە چەکدارانە ببنەوە کە هاووڵاتییان و بەرژەوەندییەکانی فەرەنسا دەکەنە ئامانج، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئەمە، لە بەرژەوەندی عێراق نییە و دەبێتە هۆی ناسەقامگیری ئاسایشی وڵاتەکەی.

ماکرۆن جەختی لەسەر پێویستی پاراستنی سەروەری عێراق لە کاتی جەنگدا کردەوە و داوای لە هەموو لایەنە عێراقییەکان کرد "بەرپرسیارێتی هەڵبگرن".

سەرۆکی فەرەنسا راشیگەیاند، پێویستە عێراق تێکەڵی جەنگەکە نەکرێت و گرووپە چەکدارەکان جلەوگیر بکرێن، چونکە گرووپە چەکدارەکان دەستیان بە خوێنی سەربازەکانمان سوورە.

باسی لەوەشکرد، پێویستە گەرووی هورمز بکرێتەوە، ئێمەش هەوڵدەدەین بازاڕی وزەی جیهانی لە قەیرانەکان رزگار بکەین.