بڕیارە ئەمڕۆ سەرۆککۆماری نوێی عێراق هەڵبژێردرێت
فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق، کارنامەی هەشتەم کۆبوونەوەی وەرزی یەکەمی خولی شەشەمی یاسادانانی بڵاوکردووەتەوە کە تایبەتە بە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری نوێی عێراق، 18 کاندید کێبڕکێی لەسەر بە دەستهێنانی ئەو پۆستە دەکەن.
بە گوێرەی ئەو کارنامەیەی بڵاوکراوەتەوە، بڕیارە کاتژمێر 11ـی ئەمڕۆ سێشەممە، 27ـی کانوونی دووەمی 2026، کۆبوونەوەکە بەڕێوە بچێت.
بەپێی ئەو رێککەوتنەی لە دوای 2003، عێراقی نوێی لەسەر بنیادنراوە، پۆستی سەرۆککۆماری عێراق پشکی کوردە و لایەنە کوردستانییەکان، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان، یەکگرتووی ئیسلامی کاندیدیان بۆ پۆستەکە هەیە.
هەرچەندە سەرەتا 81 کەس سیڤی خۆیان بۆ کاندیدبوونی پۆستی سەرۆککۆماری پێشکەش کردبوو، بەڵام دواجار، ڕۆژی هەینی 23ـی کانوونی دووەم، سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق کۆتا لیستی کاندیدانی پۆستی سەرۆککۆماری بڵاوکردەوە. لیستەکە لە 19 کەس پێکهاتبوون، بەڵام نەوزاد هادی، کە یەکێک بوو لە دوو کاندیدەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە کێبڕکێی خۆ کاندیدکردن کشایەوە؛ بۆیە ئێستا 18 کاندید لە کێبرکێیەکەدا ماونەتەوە.
18 کاندیدەکەی دیکە بریتین لە:
1-د. عەبدوڵڵا محەممەد عەلی عەلیاوەیی
2-فوئاد محەممەد حوسێن بەکی
3- نزار محەممەد سەعید محەممەد
4-شوان حەوێز فەریق نامیق
5- ئەحمەد عەبدوڵڵا تۆفیق ئەحمەد
6-حوسێن تەها حەسەن محەممەد سنجاری
7-نەجمەددین عەبدولکەریم حەمەکەریم نەسروڵڵا
8-ئاسۆ فەرەیدوون عەلی
9- سامان عەلی ئیسماعیل شاڵی
10- سەباح ساڵح سەعید
11-ئیقبال عەبدوڵڵا ئەمین هەلیوی
12-سەردار عەبدوڵڵا مەحموود
13-موسەننا ئەمین نادر
14- خالید سدیق عەزیز محەمەد
15-ئازاد مەجید حەسەن
16-رافع عەبدوڵڵا حەمید موسا
17-سالم حەواس عەلی ساعدی
18-لەتیف محەممەد جەمال رەشید
پێشتر کاتێک دەرگای خۆکاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆککۆمار کرایەوە، تا رۆژی 5ـی کانوونی دووەمی 2026، نزیکەی 81 کەس سیڤی خۆیان پێشکەش کردبوو.
هەنگاوەکانی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق
1-پەرلەمان دانیشتنێکی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار ساز دەکات، بۆ ئەوەی دانیشتنەکە یاسایی بێت، پێویستە رێژەی یاسایی ئامادەبوون، واتە دوو لەسەر سێی کۆی ئەندامانی پەرلەمان (219 پەرلەمانتار) ئامادەبن.
2- گەڕی یەکەمی دەنگدان، لە گەڕی یەکەمدا، کاندیدێک بۆ ئەوەی بە سەرۆککۆمار هەڵبژێردرێت، پێویستی بە دەنگی دوو لەسەر سێی ئەندامانی ئامادەبووی پەرلەمان هەیە (219 دەنگ). ئەمەش بەپێی ماددەی 70ی دەستووری عێراقە.
3- گەڕی دووەمی دەنگدان (ئەگەر پێویست بوو) ئەگەر لە گەڕی یەکەمدا هیچ کام لە کاندیدەکان نەیانتوانی دەنگی پێویست بەدەستبهێنن، ئەوا کێبڕکێیەکە دەچێتە گەڕی دووەم، لەم گەڕەدا، تەنیا ئەو دوو کاندیدە رکابەری دەکەن کە لە گەڕی یەکەمدا زۆرترین دەنگیان بەدەستهێناوە. لە گەڕی دووەمدا، ئەو کاندیدەی کە زۆرترین دەنگ بەدەستدەهێنێت، بە سەرۆککۆماری نوێی عێراق هەڵدەبژێردرێت.
4- سەرۆکی هەڵبژێردراو، دوای ئەوەی یەکێک لە کاندیدەکان زۆرینەی دەنگەکانی بەدەستهێنا، وەک سەرۆککۆماری نوێی عێراق ڕادەگەیەنرێت و سوێندی دەستووری دەخوات بۆ دەستبەکاربوون.