وەزارەتی دارایی هۆشداری دەداتە ئەو فەرمانبەرانەی تا ئێستا لە هەژماری من خۆیان تۆمار نەکردووە
ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی و ئابووری لە ڕاگەیاندراوێکدا بڵاوی کردووەتەوە ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە نووسینگەی سەرۆکوەزیران پێشوازی لە تیمی سەرپەرشتیاری پڕۆژەی (هەژماری من) کرد. لە کۆبوونەوەیەکی فراواندا، دوایین هەنگاوەکانی پڕۆژەکە، کێشە تەکنیکییەکانی بانکەکان و پرسی مووچەی فەرمانبەران تاوتوێ کران.
بەگوێرەی ئامارە بەردەستەکان، تا ئێستا زیاتر لە یەک ملیۆن فەرمانبەر و مووچەخۆر لە پرۆژەی (هەژماری من) تۆمار کراون. بۆ مووچەی ئەم مانگەش، نزیکەی 700 هەزار مووچەخۆر لە رێگەی کارتی بانکییەوە شایستە داراییەکانیان وەردەگرن.
لەکۆبوونەوەکەدا جەخت لە جێبەجێکردنی بڕیاری وەزارەتی دارایی کرایەوە بۆ ڕاگرتنی مووچەی مانگی یەک (کانوونی دووەم)ی ئەو فەرمانبەر و مووچەخۆرانەی کە تا ئێستا ناوی خۆیان لە پڕۆژەکە تۆمار نەکردووە، یان کارتە بانکییەکانیان ئامادەیە و نەیانبردوەتەوە.
وەزیری دارایی ڕێنمایی کرد رێکاری توند بەرامبەر ئەو بانکانە بگیرێتەبەر کە کێشەی کەمیی ئامێری ATM، درەنگ پڕکردنەوەی پارە و نەبوونی سەنتەری پەیوەندییان هەیە.
سەبارەت بە بانکی بازرگانی عێراقی (TBI)، کۆبوونەوەکە ئاماژەی بەوە کرد؛ بەهۆی بەردەوامیی کێشە تەکنیکییەکان و کەمیی خزمەتگوزارییەکانیان لە قەزا و ناحیەکان، بڕیار دراوە ئەو فەرمانبەرانەی لەو بانکە بوون، بە شێوەیەکی "ئارەزوومەندانە" بگوازرێنەوە بۆ بانکە دڵخوازەکانی تری ناو پڕۆژەکە. هەروەها جەختکرایەوە کە هەر بانکێک پابەندی رێنماییەکان نەبێت، لە پڕۆژەکە دوور دەخرێتەوە.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، ئاماژە بەوە درا کە لە کۆی 455 هەزار خانەنشین و کەسوکاری شەهیدان، زانیاریی 438 هەزار کەسیان وەرگیراوە و 354 هەزار کەسیان بە تەواوی تۆمار کراون.
هاوکات، پرۆسەی کردنەوەی هەژماری بانکی بۆ جووتیاران کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە دەستی پێکردووە، بەردەوامی دەبێت تاوەکو سەرجەم جووتیاران بتوانن شایستە داراییەکانی فرۆشتنی گەنم و بەرهەمەکانیان لە ڕێگەی کارتی بانکییەوە وەربگرن.