سێنتکۆم مانۆڕێکی ئاسمانیی فراوان لە ناوچەکە ئەنجام دەدات
فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمەریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاند، هێزی ئاسمانیی نۆیەم (AFCENT) مانۆڕێکی ئامادەباشیی چەند ڕۆژە ئەنجام دەدات، بە ئامانجی نیشاندانی توانای بڵاوەپێکردن و بەردەوامیی هێزی ئاسمانیی جەنگی لە سنووری فەرماندەییەکەدا.
سێنتکۆم لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە، ئامانج لەم مانۆڕە بەرزکردنەوەی توانای بڵاوەپێکردنی کەرەستە و کارمەندان، پتەوکردنی هاوبەشیی ناوچەیی و ئامادەکارییە بۆ وەڵامدانەوەی خێرا لە سەرجەم ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی سێنتکۆم. هەروەها ڕێگەیەکە بۆ تاقیکردنەوەی ڕێکارەکانی گواستنەوەی خێرای کارمەندان و فڕۆکەکان، ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن لە شوێنە جیاوازەکان و بەڕێوەبردنی فەرماندەیی و کۆنترۆڵی فرەنەتەوەیی.
دێریک فرانس، فەرماندەی هێزی ئاسمانیی ناوەندیی ئەمەریکا (AFCENT) ڕایگەیاند: فڕۆکەوانەکانمان دەیسەلمێنن کە دەتوانن لەژێر هەلومەرجی سەختدا، بە سەلامەتی و وردبینی و لەپاڵ هاوبەشەکانماندا، بڵاوە بکەن و ئۆپەراسیۆنی جەنگی ئەنجام بدەن. ئەمە بۆ پاراستنی پابەندبوونمانە بە هێشتنەوەی فڕۆکەوانەکانمان لە دۆخی ئامادەباشی و جێبەجێکردنی ئەو ئەرکانەی کە پێویستن بۆ ئەوەی هێزی ئاسمانی لە کات و شوێنی پێویستدا ئامادە بێت.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە مەشقەکەدا، هێزەکانی ئەمەریکا تیمەکان بۆ چەندین شوێنی چاوەڕواننەکراو دەگوازنەوە و ڕێکارەکانی دامەزراندنی خێرا و هەڵدان و گەڕانەوە تاقی دەکەنەوە. سێنتکۆم جەختی کردەوە هەموو چالاکییەکان بە ڕەزامەندیی وڵاتانی ناوچەکە و بە هەماهەنگییەکی نزیک لەگەڵ دەسەڵاتە مەدەنی و سەربازییەکانی ئەو وڵاتانە ئەنجام دەدرێن، بە جەختکردنەوە لەسەر سەلامەتی، وردبینی و ڕێزگرتن لە سەروەریی وڵاتان.
سێنتکۆم ئاماژەی بەوەش داوە، ئەم مانۆڕە پابەندبوونی هێزی ئاسمانیی ئەمەریکا بە بەرگری و ئاسایشی ناوچەکە لەپاڵ نەتەوە هاوبەشەکان دووپات دەکاتەوە. هەروەها پەیامی "ئاشتی لە ڕێگەی هێزەوە" دەگەیەنێت، بە هەبوونی هێزێکی باوەڕپێکراو و ئامادە بۆ شەڕ، کە ئامانج لێی ڕێگریکردنە لە دەستدرێژی، کەمکردنەوەی مەترسیی هەڵە تێگەیشتن و دڵنیاییدان بە هاوبەشەکان.