لیندزی گراهام: کورد لە سووریا رووبەڕووی هەڕەشەیەکی مەترسیدار دەبێتەوە

لیندزی گراهام
لیندزی گراهام

لیندزی گراهام، سیناتۆری دیاری ئەمریکی، نیگەرانیی خۆی بەرانبەر بە دۆخی سووریا دەربڕی و رایگەیاند: بە مەبەستی ڕێگری لە هەر هێرشێک بۆ سەر کوردەکان، پڕۆژەیاسایەک بە ناوی یاسای پاراستنی کورد پێشکەش بە کۆنگرێس دەکات. 

ئەم هەنگاوە ئامانجی سەپاندنی سزای ئابووریی توند و تێکشکێنەرە بەسەر هەر حکومەت یان گروپێکدا کە دەستدرێژی بکاتە سەر کوردانی سووریا، چونکە بە بڕوای گراهام، پشتگوێخستنی کوردەکان کارەساتێکی گەورە دەبێت بۆ ناوبانگ و بەرژەوەندییەکانی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا.

گراهام ئاماژەی بەوە کرد، ئێستا کوردەکان لەلایەن حکومەتی نوێی سووریاوە، رووبەرووی هەڕەشەیەکی مەترسیدار دەبنەوە.

 ناوبراو جەختی کردەوە لەوەی، کوردەکان هاوپەیمانی سەرەکی و یەکەمی وڵاتەکەی بوون لە پڕۆسەی تێکشکاندنی خەلافەتی داعش، بۆیە ڕێگەدان بە تێکشکاندنیان لەلایەن هێزەکانی ترەوە، زیانی قەرەبوونەکراو بە پێگەی ئەمریکا لە جیهاندا دەگەیەنێت.

ئەم سیناتۆرە ئەمریکییە ئاشکرای کرد، یاسای پاراستنی کورد لەم هەفتەیەدا رەوانەی کۆنگرێس دەکرێت و پێشبینی دەکات پشتگیرییەکی فراوانی هەردوو پارتی کۆماری و دیموکراتی بەدەستبهێنێت. 

گراهام جەختی کردەوە، یاساکە دەبێت زۆر بەهێز و کاریگەر بێت تاوەکو بتوانێت بە کردەیی رێگری لە هەر جۆرە دوژمنکارییەک بەرانبەر بە کوردەکان بگرێت و سزا بەسەر هەر لایەنێکدا بسەپێنێت کە دەست بۆ تێکدانی سەقامگیریی ناوچە کوردنشینەکان دەبات.
لێدوانەکەی لیندزی گراهام لە کاتێکدایە کە ناوچە کوردنشینەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا لەژێر گەمارۆ و هێرشی بەردەوامی گروپە چەکدارەکاندان، گراهام وەک یەکێک لە داکۆکیکارە هەرە سەرسەختەکانی کورد لە ناوەندەکانی بڕیاردان لە واشنتن دەناسرێت و پێشتریش چەندین جار رێگری کردووە لە پشتگوێخستنی هێزەکانی سووریای دیموکرات، ئەم جووڵە یاساییە نوێیەی ساڵی 2026 وەک گوشارێکی توندی ئەمریکا دەبینرێت بۆ سەر حکومەتی نوێی دیمەشق و هاوپەیمانەکانی، تاوەکو پارسەنگی هێز لە ناوچەکەدا تێکنەدەن و ڕێز لەو هاوبەشییە بگرن کە لە جەنگی دژ بە تیرۆردا دروست بووە.