پەیامنێری کوردستان24: مەزڵووم عەبدی لە دیمەشقە
پەیامنێری کوردستان24 ڕایگەیاند: مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات گەیشتووەتە دیمەشق بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا دانووستانی نوێ لەبارەی تێکەڵکردنەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات بە سوپای سووریا بکەن.
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر، بۆ دانوستانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا گەیشتنە دیمەشق.
بڕیارە لەم سەردانە گفتوگۆی ورد لەسەر پرسی یەکگرتن و گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی کۆتایی بکرێت.
بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان 24، ئامانجی سەرەکیی سەردانەکەی مەزڵووم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد بۆ دیمەشق، دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی گفتوگۆکانە سەبارەت بە میكانیزمی یەکگرتنی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر و هێزە سەربازییەکان لەگەڵ حکومەتی سووریا.
ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە ناوچەکە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا گرژیی سەربازیی بەخۆوە بینی، بەڵام ئێستا هەردوولا بژاردەی دیالۆگیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان هەڵبژاردووە.
ئەم جموجۆڵە دیپلۆماسییانە لە کاتێکدایە کە وەزارەتی بەرگریی سووریا و هێزەکانی هەسەدە لەسەر درێژکردنەوەی ئاگربەست بۆ ماوەی 15 ڕۆژی دیکە ڕێککەوتوون، ئەم بڕیارە کە بە نێوەندگیریی نێودەوڵەتی هاتە کایەوە، زەمینەیەکی گونجاوی بۆ پڕۆسەی گواستنەوەی زیندانیانی داعش ڕەخساندووە و هاوکات دەرفەتێکی گرنگی داوەتە لایەنە کوردییەکان و حکومەتی دیمەشق تاوەکو لە ڕێگەی دانوستانەوە کێشە سیاسی و سەربازییەکانی نێوانیان یەکلایی بکەنەوە.