بەهۆی بۆردوومانەکانی سوپای سووریا دانیشتووانی 75 گوندی کۆبانێ ئاوارەبوونە

بەهۆی بۆردوومانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و تۆپبارانی سەختی هێزەکانی حکوومەتی سووریا بۆ سەر گوندەکانی سنووری کۆبانێ، دانیشتووانی 75 گوند ماڵوحاڵی خۆیان جێهێشتووە و لە دۆخێکی سەختدا دەژین.

پەیامنێری کوردستان24 ڕایگەیاند، ئاوارەکان ڕوویان لە سەنتەری شاری کۆبانێ کردووە و بەشێکی زۆریان لەناو ئەو دووکانانەدا نیشتەجێ بوون کە هێشتا تەواو نەکراون و دەرگا و دەڕابەشیان پێوە نییە.

دیار بوسکێ، یەکێکە لە ئاوارەکانی گوندی "بلک" و بە کوردستان24ی راگەیاند، بەهۆی ئەوەی گوندەکەیان کەوتووەتە سەر هێڵی پێشەوەی شەڕ، ناچار بوون ماڵەکانیان بەجێ بهێڵن. داواشی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات دەستوەردان بکەن بۆ راگرتنی شەڕەکە تا بتوانن بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان.

لەلایەکی دیکەوە روودی، کە خەڵکی گوندی "دادعەلی"یە و بەهۆی بۆردوومانەوە ئاوارە بووە، باس لە سەختی ژیانیان دەکات و دەڵێت: دۆخی ژیانمان زۆر خراپە، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هەرچوار پارچەی کوردستان دەکەین بە هانامانەوە بێن و پشتیوانیمان بکەن.

ئەم ئاوارەبوونە لە کاتێکدایە، کە دوای هێرشەکانی سوپای سووریا بۆ سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب و پێشڕەویکردنیان بەرەو ڕۆژاوای کوردستان بە بیانووی "یەکخستنەوەی خاک"، لە رۆژی 18ی ئەم مانگەدا و لەسەر بنەمای رێککەوتنی 10ی ئادار، ئاگربەست لەنێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکوومەتی دیمەشق ڕاگەیەندرا. بەڵام سەرەڕای بوونی ئاگربەستەکە، هێرش و بۆردوومانەکان بۆ سەر گوندەکانی دەوروبەری کۆبانێ بەردەوامە.