مەترسیی گواستنەوەی حەفت هەزار زیندانی داعش بۆ عێراق هەیە
ئەندامێکی باڵای پەیمانگای واشنتن ئاشکرای دەکات، بڕیارە نزیکەی حەوت هەزار زیندانی لە سووریاوە بۆ عێراق بگوازرێنەوە، ئەمەش مەترسی و پرسیاری جددی لەڕووی ئەمنی و مرۆییەوە بۆ بەغدا دروست دەکات، بەتایبەتی کە دۆسیەی منداڵان و نەوجەوانان بەشێکی ئاڵۆزی ئەو پرۆسەیە پێک دەهێنن.
سێشەممە 27ی کانوونی دووەمی 2026، دیڤۆرا مارگۆڵن، ئەندامی باڵا لە پەیمانگای واشنتن لە پانێڵێک لە ژێر ناونیشانی رێککەوتنی هەسەدە و حکوومەت، لێکەوتەکانی لەسەر سووریا و ناوچەکە رایگەیاند، پرۆسەی گواستنەوەی نزیکەی حەوت هەزار زیندانی بۆ عێراق، چەندین پرسیاری ئەخلاقی، مرۆیی و ئەمنی لێ دەکەوێتەوە، بەو پێیەی لەنێو ئەو زیندانییانەدا دوو جۆر لە کەسانی پێنەگەیشتوو هەن.
مارگۆڵن روونی کردەوە، کۆمەڵەی یەکەم ئەو منداڵ و مێردمنداڵانەن کە لە ساڵی 2019ەوە زیندانیکراون و تەمەنیان لەژێر 14 ساڵەوە بووە، بەڵام بەهۆی ئایدیۆلۆژیای داعشەوە راهێنانی سەربازییان پێ کراوە و تەنانەت لە ڤیدیۆکانی پڕوپاگەندە و سەربڕیندا بەکارهێنراون. ئاماژەی بەوەش دا، بەندکردنی ئەم مێردمنداڵانە لەگەڵ پیاوانی پێگەیشتوو، نیگەرانیی نێودەوڵەتی لێکەوتەوە و لە کاتی شکاندنی زیندانی حەسەکەشدا وردەکارییەکەی زیاتر دەرکەوت.
سەبارەت بە کۆمەڵەی دووەم، ئەو توێژەرە بە گواستنەوەی ئۆتۆماتیکی ناوی بردن و ئاماژەی بەوە دا، ئەمانە ئەو کوڕانەن کە تەمەنیان لە هەشت ساڵەوە دەست پێ دەکات و لە کەمپەکانی هۆل و رۆژ گەورە دەبن. بەهۆی خراپی دۆخی ئەمنی و تاوانەکانی ناو کەمپەکان، دەگوازرێنەوە بۆ سەنتەرەکانی شیاندنەوە نەوجەوانان.
دیڤۆرا مارگۆڵن رەخنەی لە شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو دۆسیەیە هەیە و دەڵێت: شیاندنەوە واتە ئامادەکردن بۆ هاتنە دەرەوە، بەڵام بۆ ئەوان شتێک نییە بەناوی هاتنە دەرەوە؛ ئەگەر تا تەمەنی 18 ساڵی وڵاتەکانیان وەریان نەگرنەوە، ئەوا راستەوخۆ بۆ زیندانەکان دەگوازرێنەوە.