ئیسرائیل بە گرێبەستێکی 183 ملیۆن دۆلار چەک دەکڕێت

وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل، رایگەیاند؛ گرێبەستێکی چەند ساڵەی بە بەهای نزیکەی 183ملیۆن دۆلار بەرامبەر بە 570 ملیۆن شیکڵ لەگەڵ کۆمپانیای "ئێلبیت سیستەم" بۆ دابینکردنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی واژۆ کردووە.

ئەم رێککەوتنە لەلایەن بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی بەرگرییەوە واژۆ کراوە، ئامانج لێی فراوانکردنی بنکەی پیشەسازی بەرگریی ئیسرائیل و بەرزکردنەوەی ئاستی ئامادەیی ئۆپەراسیۆنی هێزە بەرگرییەکانی ئەو وڵاتەیە بۆ دەیەی داهاتوو.

لەو بارەیەوە، یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند: "ئەم دەستپێشخەرییە رەنگدانەوەی سیاسەتێکی ستراتیژییە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی و قووڵکردنەوەی هاوکاریی لەگەڵ پیشەسازی نیشتمانی، بەمەبەستی دڵنیابوون لە زنجیرەی دابینکردنی متمانەپێکراو و بەهێزکردنی خۆڕاگری ئابووری."

لەلایەکی دیکەوە، بەرپرسێکی باڵا لە وەزارەت ئاماژەی بەوە کرد؛ ئەم گرێبەستە بەشێکە لە زنجیرەیەک رێککەوتنی چەند ساڵە بۆ بنیاتنانی هێز لە بوارە جیاوازەکاندا. گوتیشی: "ئەم جۆرە گرێبەستانە نەک هەر توانای سەربازی زیاد دەکەن، بەڵکو پشتگیری لە هەناردەکردنی بەرگریی و بەهێزکردنی ئابووری سەربازی ئیسرائیل دەکەن."

بێزالێل ماچلیس، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای "ئێلبیت سیستەمز" دووپاتی کردەوە؛ کۆمپانیاکەیان پابەندە بە پێشخستنی تواناکانی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی. ئامانجی ئەم هەنگاوەش وەک ئەو ئاماژەی پێدا، پشتگیریکردنە لە باڵادەستی ئاسمانی سوپا و دابینکردنی پێداویستییە هەستیارەکانی ئاسایشی نیشتمانی.