گرووپە چەکدارەکانی دیمەشق بوونەتە هەڕەشە بۆ سەر خەڵکی مەدەنی
چەند رۆژێکە هێزەکانی سەر بە حکوومەتی سووریا هێرشەکانیان بۆ سەر دەڤەری چل ئاغا زیاد کردووە و هەوڵی داگیرکردنی ئەو دەڤەرە دەدەن، هەرچەندە تاوەکو ئێستا هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رێگریان لە پێشڕەوییەکان کردووە. بەڵام بەهۆی ئەو هێرشانەوە سەدان خێزان بەرەو قامشلۆ و ناوچەکانی دیکە ئاوارە بوون و لە بارودۆخێکی خراپدا دەژین.
گوندی "باقلە" کە تەنیا 500 مەتر لە گوندی "سەفا"وە دوورە لە سنووری شارەدێی چل ئاغا لە شارۆچکەی دێرک. شەڕێکی توند لەم ناوچەیە لەنێوان هەسەدە و هێزەکانی حکوومەت و چەکدارانی سەر بە حکوومەت روویدا. دانیشتووانی گوندی باقلە دەڵێن لەگەڵ کورد بران و نایانەوێت شەڕ رووبدات، هیواخوازن بە زووترین کات پێکدادانەکان بوەستێنرێن.
محەممەد ئیبراهیم دانیشتووی گوندی باقلە بە کوردستان24ی گوت: "ئێستا ئێمە لە گوندی باقلەین، دوێنێ شەڕ روویدا و هەموو گوندنشینەکان رایانکرد. شەڕەکە لە گوندی سەفا بوو کە یەک کیلۆمەتر لێمانەوە دوورە.
گوتیشی: داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین شەڕ بوەستێنن، رەوشەکە زۆر خراپە، ئێستا زستانە و نازانین روو لە کوێ بکەین. ئێمە و کورد براین و شەڕمان ناوێت."
لەلایەکی دیکەوە، شەڕڤانانی هەسەدە رایدەگەیەنن ئەوەی لە گوندی سەفا روویدا پێشێلکارییەکی ئاشکرای ئەو ئاگربەستەیە کە راگەیەندراوە و ئەوانیش لە بەرانبەر ئەو هێرشانەدا بێ دەنگ نابن.
شەڕڤانێک بە ناوی ئازاد قامشلۆیی دەڵێت: "وەکو ئاشکرایە بۆ هەمووان لەنێوان ئێمە و چەکدارانی تەحریر شام (هەتەشە) ئاگربەست هەبوو، بەڵام ئەوان ئاگربەستەکەیان شکاند و هێرشیان کردە سەرمان و ئێمە تەنیا خۆمان دەپارێزین و وەڵامیان دەدەینەوە."
شەڕی گوندی سەفا کە دەکەوێتە باکووری شارەدێی چل ئاغا، 10 کاتژمێری خایاند. لە ئەنجامی پێکدادانەکانی نێوان سوپای عەرەبیی سووریا و گرووپە چەکدارەکانی سەر بە دیمەشق دژ بە هەسەدە، زیاتر لە 15 هاووڵاتی سیڤیل شەهید و بریندار بوون، هەروەها 40 ئەندامی هێزەکانی حکوومەت و گرووپە چەکدارەکان کوژران و بریندار بوون. بەهۆی توندیی شەڕەکەوە، بە هەزاران کەس ماڵ و حاڵیان جێهێشتووە و بەرەو شارەکانی قامشلۆ و دێرک ئاوارە بوون.