داکەوتنی بەهای دینار نرخی زێڕ بەرز دەكاتەوە

نرخی زێڕ بەشێوەیەكی بەرچاو بەرزبووەتەوە

زێڕ - بازاڕی ھەولێر
زێڕ - بازاڕی ھەولێر

K24 - ھەولێر

سەرەڕای ئەوەی ئەمڕۆ بازاڕەکانی جیهان داخراون، بەڵام لەبەر ئەوەی نرخی زێڕیش بە دۆلار لێکدەدرێتەوە، بۆیە داکەوتنی بەهای دینار، نرخی زێڕی لە ماوەی هەفتەیەکدا بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزکردووەتەوە، بە جۆرێکی نرخی مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 بۆ 363 هەزار دینار بەرزبووەتەوە، واتە لە ماوەی هەفتەیەکدا نزیکەی 40 هەزار دینار بەرزبووەتەوە.

هەندرێن وەرتی، گوتەبێژی سەندیکای زێڕنگران- لقی ھەولێر بە كوردستان24ی راگەیاند: "ھەفتەی رابردوو نرخی یەك مسقاڵ زێڕی عەیار 21 بە 320 ھەزار دینار بوو، ئێستا گەیشتووەتە سەرووی 360، واتا لە ماوەی ھەفتەیەكدا 40 ھەزار دینار بەرزبووەتەوە".

لەبارەی ھۆكاری بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ، گوتەبێژی سەندیکای زێڕنگران ئاماژەی بەوەشكرد: "ئەگەر دروستكردنی ڤاكسینی كۆرۆنا لە جیھان سەركەوتنی 100% بەدەستھێنابووایە، ئێستا نرخی زێڕ بەڕێژەیەكی بەرچاو دادەبەزی، بەڵام چونكە سەركەوتنی ڤاكسین بە فەرمی رانەگەیەندراوە و ھەندێك لە میدیاكانیش بە نەرێنی باسی لێوەدەكەن، ئەمە یەكێكە لە ھۆكارەكان نرخی زێڕ بەرزببێتەوە، ھاوكات لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئۆنسەی جیھانی، دەنگۆی دابەزاندنی بەھای دیناری عێراقی لەلایەن بانكی ناوەندییەوە، كە بەھای دینار دابەزی و بەھای دۆلار بەرزبووەوە، ھۆكارێكی دیكەی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕە".

نرخی زێڕلە بازاڕەکانی ھەرێمی کوردستان ئەمڕۆ بەمشێوەیەیە:

مسقاڵێك زێڕی عەیار (24) بە 413000 دیناری عێراقیی

مسقاڵێك زێڕی عەیار (21) بە 363000 دیناری عێراقیی

مسقاڵێك زێڕی عەیار (18) بە 310000 دیناری عێراقیی