ساکۆ بۆ عێراقییەکان: لە پێناو ئاشتیدا پەنا بۆ دیالۆگ بەرن نەک هەڵچوون
پاتریارکی کەنیسەی کلدانی لە عێراق و جیهان، تیشک دەخاتە سەر دۆخی هەستیاری عێراق و ناوچەکە، هۆشداری دەدات لەوەی جیهان بەرەو سیستەمێکی "تاکجەمسەری" نوێ هەنگاو دەنێت. ساکۆ داوا لە کارەکتەرە سیاسییەکانی عێراق دەکات بەرژەوەندیی باڵای وڵات بکەنە پێشینەی کارەکانیان و بە حیكمەت و دووربینییەوە مامەڵە لەگەڵ گۆڕانکارییە جیۆپۆلەتیکییەکان بکەن بۆ ئەوەی وڵات لە ماڵوێرانی و پشێوی بپارێزرێت.
چوارشەممە، 28ـی کانوونی دووەمی 2026، کاردیناڵ لیس ڕۆفائیل ساکۆ، پاتریارکی کەنیسەی کلدانی لە عێراق و جیهان، لە گوتارێکدا ڕایگەیاند: سیستەمی جیهانی دووچاری گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی بووە و ئێستا تەنیا یەک جەمسەر بەڕێوەی دەبات.
ئەو جەخت دەکاتەوە کە سەرۆکی ئەمریکا بە پێچەوانەی پێشینەکان، هەوڵی داڕشتنەوەی نەخشەی "ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ" دەدات، ئەمەش وا دەخوازێت لایەنەکان بە هەند و بە عەقڵانییەت مامەڵە لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییانەدا بکەن نەک بە سۆز و هەڵچوونی سیاسی.
هاوکات گوتیشی: من بەرگری لە سیاسەتی ئەمریکا ناکەم، بەڵام وەک کەسایەتییەکی ئایینی نامەوێت زیان بە کەس بگات.
پشتیوانی لە بانگەوازی "هۆشیاری و بەرپرسیارییەتی"
کاردیناڵ ساکۆ، دەستخۆشی و خۆشحاڵی بوو بەرانبەر ئەو ڕاگەیەنراوەی کە لە لایەن نووسینگەی نوری مالیکییەوە بڵاو کرایەوە.
ساکۆ جەختی لەوە کردەوە کە هاوڕایە لەگەڵ ناوەڕۆکی ڕاگەیەنراوەکە کە دەڵێت: "ئێمە بە قۆناغێکی یەکجار ناسکدا تێدەپەڕین، ئەمەش وا دەخوازێت کە هەمووان خاوەن بەرزترین ئاستی هوشیاری و هەستی بەرپرسیارییەتی بن."
کاردیناڵ ئاماژەی بەوە کرد کە مامەڵەکردن لەگەڵ هەڕەشە و دۆسییە گەرمەکاندا پێویستی بە دانبەخۆداگرتن و دیپلۆماسییەکی زیرەکانە هەیە.
کاردیناڵ ساکۆ ڕەخنەی توند لە ململانێی لایەنە سیاسییەکان دەگرێت لەسەر دەسەڵات و پارە و دەڵێت: "بە داخەوە ئەوەی دەیبینین جەنگە بۆ بەرژەوەندیی دارایی نەک بۆ نیشتمان و هاووڵاتییە ماندووەکان."
سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا، قسەکانی سەرۆکی ئەمریکا بە ڕێکەوت و گاڵتەجاڕی نییە، بەڵکو بڕیارێکی "حەتمی"یە بۆ گەیشتن بە داواکارییەکانی لە ڕێگەی دیپلۆماسی یان هێزی سەربازییەوە.
ناوبراو جەختی کردەوە کە پێویستە حکوومەتێکی بەهێز و لێهاتوو (تەكنۆكرات) لە کەسانی دەستپاک و نیشتمانپەروەر پێکبهێنرێت، کە توانای ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییان هەبێت.
پێنج ئاڵنگاریی مەترسیدار بۆ سەر ئاییندەی عێراق
ساکۆ هۆشداری دەدات کە ئەگەر ململانێی نێوان ئەمریکا و ئێران توندتر ببێت، عێراق ڕووبەڕووی ئەم پێنج مەترسییە دەبێتەوە:
-چەکی کۆنترۆڵنەکراو ( چەک لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت): ئەمەش دەبێتە هۆی پشێویی ئەمنی و ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگی ناوخۆیی.
-داڕمانی ئابووری؛ ئابووریی عێراق کە 90%ی پشت بە نەوت دەبەستێت، ڕووبەڕووی شۆکی گەورە و دابەزینی بەهای دینار و بەرزبوونەوەی نرخەکان دەبێتەوە.
-لاوازیی دامەزراوەکان؛ گەندەڵی و بێهێزیی دامەزراوە دەوڵەتییەکان ڕێگر دەبن لە کۆنترۆڵکردنی قەیرانەکان.
-داڕمانی ژێرخان و قەرزەکان؛ کۆنیی ژێرخان و باری قورسی قەرزی دەرەکی، توانای حکوومەت بۆ هەر وەڵامدانەوەیەکی خێرا سنووردار دەکەن.
-گەڕانەوەی توندڕەوی؛ ئەگەری سەرهەڵدانەوەی گروپە توندڕەوەکان و ململانێ تائیفییەکان، کە هەڕەشە لە یەکپارچەیی خاک دەکەن.
کاردیناڵ ساکۆ، لە کۆتایی گوتارەکەیدا، داوای لە مەرجەعییەتە ئایینییەکان کرد، ڕێنوێنیی دەسەڵاتداران بکەن بۆ گرتنەبەری ڕێگەی عەقڵانییەت و ستراتیژێکی ورد، تاوەکو عێراق لە هەڵدێر و ماڵوێرانی دوور بخەنەوە.