عەزیز وەیسی: کاتێک جلە کوردییەکانم زۆر دەبن، دەیانفرۆشم و داهاتەکەی دەبەخشمە کاری خێرخوازی
هونەرمەندی گۆرانیبێژ، عەزیز وەیسی، لەو چاوپێکەوتنە تایبەتەیدا لەگەڵ کوردستان24، تیشک دەخاتە سەر فرۆشتنی جلە کوردییەکانی و پێدانی داهاتەکەی بۆ کاری خێرخوازی و باس لە نوێترین پڕۆژەی هونەری خۆی دەکات و دەڵێت: هەشت بەرهەمی نوێم ئامادەیە و ئەمساڵ بڵاویدەکەمەوە.
لە ماوەی رابردوودا لەگەڵ هونەرمەند حەمید عوسمان، بەرهەمێكی هاوبەشتان بڵاوكردەوە، كاردانەوەی خەڵك چۆن بوو؟
كاردانەوەی خەڵك زۆر باشبوو و دەنگدانەوەیەکی باشی بەدوای خۆیدا هێنا، گۆرانییەكە باسی ئەوە دەكات کە كەسە جوانەكانی خۆمان لە ئەورووپا هاوسەرگیری نەكەن و بگەڕێنەوە كوردستان و لەسەر نەریتی كوردەواری خۆمان هاوسەرگیری بكەن، سوپاسی مازیار فایەقی شاعیر دەكەم بۆ نووسینی تێكستەكە.
جوڵەی نوێتان چییە؟
(بەپێكەنینەوە)، بێگومان جوڵەی نوێمان هەیە، لە راستیدا ئەوەش بۆ دڵخۆشكردنی خەڵكە، ئەگەرنا لە دەرەوەی هونەر، ئێمەیش كەسایەتییەكی دیكەمان هەیە، بەڵام من هەمیشە بە بە جوڵە سەرنجراکێشەکانم هەوڵی دڵخۆشکردنی خەڵک دەدەم.
بۆچی زیاتر لە شاری هەولێریت وەك لە سلێمانی؟
چونکە من ماڵێكی دیكەم لە شاری هەولێر هەیە، بەڵام كاتێك لە رۆژهەڵاتەوە دێمە كوردستان سەرەتا دێمە شاری سلێمانی دواتر بۆ هەولێر، سلێمانی و هەولێرم خۆش دەوێت و هەردووکی بە ماڵی خۆم دەزانم.
هەمیشە بە جلی كوردییەوە دەردەكەویت، چەند دەستە جلی كوردیت هەیە؟
جلی کوردیم زۆرن، بەڵام كە جلەكانم گەیشتە 150 دەستە جل، ئەو كاتە دەیانفرۆشم و داهاتەکەی دەکەمە كاری خێرخوازی.
پڕۆژەی نوێی هونەریت هەیە؟
بەڵێ، هەشت بەرهەمی نوێم هەیە، بەڵام خۆتان دەزانن ئێستە سیدی نەماوە، بەڵام بەشێوەی ڤیدیۆ كلیپ 4 تا 5 بەرهەمیان بڵاودەكەمەوە.
هونەرمەندی گۆرانیبێژ، عەزیز وەیسی، لە ساڵی 1968، لە کرماشانی رۆژھەڵاتی کوردستان لەدایکبووە و ئێستە دانیشتووی جوانڕۆیە، خاوەنی چەندین بەرهەمی گۆرانییە و هەوادارێکی زۆری هەیە.