بەرنامەی جیهانیی خۆراک گرێبەستی سەدان کارمەندی لە یەمەن هەڵدەوەشێنێتەوە
بەرپرسێکی نەتەوە یەکگرتووەکان راگەیاند، بەرنامەی جیهانیی خۆراک بڕیاری داوە کۆتایی بە گرێبەستی سەرجەم کارمەندەکانی لەو ناوچانەی یەمەن بهێنێت کە لەژێر کۆنترۆڵی حوسییەکانن، ئەمەش بەواتای وەستانی کارەکانیان دێت لە ناوچەیەکدا کە بەدەست برسێتییەکی سەختەوە گرفتارە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 29ـی کانوونی دووەمی 2026، بەرپرسەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت بە ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێسی رایگەیاند: "بەهۆی دەستگیرکردنی دەیان کەس لەلایەن یاخیبووانەوە و بوونی دۆخێکی سەختی دارایی، بەرنامەی جیهانیی خۆراک ناچار بووە گرێبەستی 365 کارمەند لەو بەشەی یەمەنی ژێر دەستی حووسییەکان هەڵبوەشێنێتەوە."
بەگوێرەی زانیارییەکان، بڕیاری کۆتاییهێنان بە گرێبەستەکان لە کۆتایی مانگی ئادارەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.