سوپای ئێران 1000 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ستراتیژی خستە خزمەتی هێزەکانییەوە
بە فەرمانی فەرماندەی گشتیی سوپای کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەمڕۆ 1000 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی (درۆن)ـی ستراتیژی خرانە خزمەتی سەربازییەوە.
ئەم درۆنانە لەلایەن پسپۆڕانی سوپا و بە هاوکاریی وەزارەتی بەرگریی ئێران بەرهەم هێنراون و لەسەر بنەمای ئەزموونی شەڕی 12 رۆژە دیزاینکراون، تواناکانی ئەم فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە بریتین لە کاری تێکشکاندن، هێرشبەر، هەواڵگری و شەڕی ئەلیکترۆنی، کە بۆ پێکانی ئامانجی جێگیر و جوڵاو لە دەریا، ئاسمان و وشکانیدا دیزاین کراون.
هاوکات ئەمیر حاتەمی فەرماندەی گشتیی سوپای ئێران رایگەیاند، "بە لەبەرچاوگرتنی ئەو هەڕەشانەی لەبەردەمماندان، پاراستن و پەرەپێدانی باڵادەستیی ستراتیژی بۆ ئەنجامدانی شەڕی خێرا و وەڵامدانەوەی تێکشکێنەر بۆ هەر دەستدرێژی و هێرشێک، سوپا هەمیشە لە ئامادەباشیدایە."
سەبارەت بە شێواز و دیزانی درۆنەکان، حکوومەتی ئێران، بەهۆی ڕەچاوکردنی پاراستنی نهێنییە سەربازییەکانەوە، هیچ وێنەیەکی ئەم درۆنە نوێیانەی بڵاو نەکردووەتەوە.