قەتەر پاشکۆی سەربازی و ئەمنیی ئێران لە وڵاتەکەی دەردەکات

قەتەر بە توندی سەرکۆنەی هێرشێکی مووشەکیی ئێرانی کرد بۆ سەر شاری پیشەسازیی راس لافان، کە زیانی مادیی زۆر و ئاگرکەوتنەوەی گەورەی لێ کەوتووەتەوە؛ هاوکات وەزارەتی دەرەوەی قەتەر پاشکۆی سەربازی و ئەمنیی باڵیۆزخانەی ئێرانی لە دەوحە وەک کەسایەتیی نەخوازراو دەستنیشان کرد و مۆڵەتی تەنیا یەک شەو و رۆژی پێدان بۆ ئەوەی خاکی وڵاتەکە جێبهێڵن.

چوارشەممە 18ـی ئاداری 2026، کۆمپانیای قەتەر ئینێرجی رایگەیاند, شاری پیشەسازیی راس لافان کەوتووەتە بەر هێرشێکی مووشەکی. بەپێی راگەیەندراوەکە، هێرشەکە بووەتە هۆی دروستبوونی ئاگرکەوتنەوەی گەورە و زیانی مادیی فراوان بە دامەزراوەکانی وزە گەیشتووە، بەڵام تیمەکانی فریاکەوتن توانیویانە ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن و هیچ زیانێکی گیانی لە نێوان کارمەندەکاندا تۆمار نەکراوە.

هاوکات وەزارەتی دەرەوەی قەتەر لە راگەیەندراوێکدا، ئێران جەختی لەوە کردەوە کە ئەم هێرشە توندوتیژ پێشهاتێکی مەترسیدار و هەڕەشەیەکی راستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی و سەقامگیریی ناوچەکە. قەتەر ئاماژەی بەوە کردووە کە سەرڕای ئەوەی وڵاتەکەیان هەوڵی داوە بێلایەن بێت و تێوەگلانی خۆی لەم شەڕەدا رەت کردووەتەوە، بەڵام لایەنی ئێرانی سوورە لەسەر بەئامانجگرتنی وڵاتانی دراوسێ و هەڕەشەکردن لە ئاشتیی جیهانی.

وەزارەتی دەرەوەی قەتەر داوای لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کرد کە بەرپرسیارێتیی خۆی هەڵبگرێت و رێگری لەم پێشێلکارییە مەترسیدارانە بکات. هەروەها دەوحە جەختی کردەوە کە بەپێی میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان، قەتەر مافی تەواوی هەیە بۆ بەرگریکردن لە خاک و سەروەریی خۆی و لە پێناو پاراستنی هاووڵاتییانی، لە هیچ ڕێکارێکی پێویست سڵ ناکاتەوە.

وەزارەتی دەرەوەی قەتەر یاداشتێکی فەرمیی رادەستی باڵیۆزخانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دەوحە کرد، کە تێیدا هاتووە پاشکۆی سەربازی، پاشکۆی ئەمنی و تەواوی کارمەندانی ئەم دوو بەشەی نێو باڵیۆزخانەکە، لای دەوڵەتی قەتەر وەک کەسایەتیی نەخوازراو دەناسرێن. دەوحە فەرمانی کردووە کە دەبێت سەرجەم ئەو کەسانە لە ماوەی کەمتر لە 24 کاتژمێردا خاکی قەتەر بەجێ بهێڵن.

وەزارەتی دەرەوە روونی کردووەتەوە کە ئەم هەنگاوە دوای هێرشە مووشەکییە توندوتیژی و دووبارەبووەکانی ئێران دێت بۆ سەر دامەزراوەکانی قەتەر، کە بە پێشێلکارییەکی زەق بۆ سەر سەروەریی وڵات.

لە راگەیەندراوەکەدا قەتەر هۆشداریی توند دەداتە تاران و ڕایدەگەیەنێت, بەردەوامبوونی ئێران لەسەر ئەم ڕێبازە دوژمنکارانەیە، رووبەڕووی ڕێکاری توندتر دەبێتەوە کە ئاسایش و بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی وڵاتەکەمان بپارێزێت.

هەروەها دەوحە جەختی کردووەتەوە کە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان، مافی تەواوی خۆیەتی هەموو رێکارێکی پێویست بگرێتە بەر بۆ پاراستنی سەلامەتیی هاووڵاتییان و نیشتەجێبوونی سەر خاکی وڵاتەکەی.