هیندستان هاوکاری پزیشکی بەپەلەی گەیاندە ئێران

باڵیۆزخانەی ئێران لە هیندستان رایگەیاند، یەکەم کاروانی هاوکارییە پزیشکییەکانی وڵاتی هیندستان گەیشتووەتە تاران و لەلایەن کۆمەڵەی مانگی سووری ئێرانییەوە وەرگیراوە.

چوارشەممە 18ـی ئاداری 2026، باڵیۆزخانەی ئێران لە هەژمارەکانی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نوسیویەتی،"یەکەم کاروانی هاوکارییە پزیشکییەکانی گەلی هیندستانی بەڕێز رادەست کرا، ئێمە لە ناخی دڵمانەوە سوپاسگوزاری گەلی میهرەبانی هیندستانین."

عەلی بەحرەینی، باڵیۆزی ئێران لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێڤ ئاماژەی بەوە کرد، لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەوە لە ئێران زیاتر لە هەزار و 300 کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە حەوت هەزار کەسی تریش برینداربوون.

هاوکات رێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO) نیگەرانی خۆی دەربڕی و رایگەیاند، تاوەکو ئێستا 18 هێرش کراوەتە سەر دامەزراوە تەندروستییەکان و بەهۆیەوە هەشت کارمەندی پزیشکی گیانیان لەدەستداوە.

رۆژی 28ـی شوباتی رابردوو، ئەمریکا و ئیسرائیل زنجیرەیەک هێرشیان کردە سەر چەند ئامانجێک لە ناو خاکی ئێران و تارانی پایتەخت، کە بووەتە هۆی وێرانکاری و کەوتنی قوربانییەکی زۆری مەدەنی، لە بەرانبەردا، ئێران بە هێرشی مووشەکی و درۆن وەڵامی ئیسرائیل و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکای لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست داوەتەوە.

ئەم ئاڵۆزییە سەربازییانە بوونەتە هۆی دروستبوونی دۆخێکی نوێ، ئەویش داخستنی گەرووی هورمزە کە گرنگترین رێڕەوی گواستنەوەی نەوت و گازی سروشتییە بۆ بازاڕەکانی جیهان، ئەم هەنگاوە کاریگەرییەکی توندی لەسەر ئاستی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوتی وڵاتانی کەنداو و ناوچەکە دروستکردووە.