مایکی پۆمپیۆ: پاشەکشەی ئەمریکا لە کورد دەبێتە هۆی سەرهەڵدانەوەی داعش
وەزیری پێشووتری دەرەوەی ئەمریکا، هۆشدارییەکی توند دەدات لە پاشەکشەی وڵاتەکەی لە پشتگیریکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و رایدەگەیەنێت، شکستی سەربازیی کوردەکان لە بەرانبەر حکومەتەکەی ئەحمەد شەرع، مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر ئاشتیی ناوچەکە و دەبێتە هۆی دووبارە سەرهەڵدانەوەی داعش.
هەینی 30ـی کانوونی دووەمی 2026، مایکی پۆمپیۆ، وەزیری پێشووتری دەرەوەی ئەمریکا لە پەیامێکی نوێدا رەخنەی توند لە هەوڵەکانی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا دەگرێت و رایگەیاند، ئەگەر راپۆرتەکان سەبارەت بە جێهێشتنی هەسەدە لەلایەن ئەمریکاوە راست بن، ئەوا واشنتن زەمینە بۆ کارەساتێکی گەورە خۆش دەکات.
پۆمپیۆ ئاماژەی بەوە کرد، تەنیا مانگێک دوای ئەوەی ئەمریکا سزاکانی سەر حکوومەتە نوێیەکەی سووریای سووک کرد، ئەحمەد شەرع سەرۆکی سووریا بەڵێنەکانی خۆی بۆ میانڕەوی و ڕێزگرتن لە مافی کەمینەکان شکاندووە و دەستی کردووە بە هەڵمەتێکی توند بۆ قۆرخکردنی دەسەڵات. وەزیری پێشووتری دەرەوە هۆشداری دا، ئەم هەنگاوانە دەبنە هۆی ئاوارەبوونی بەکۆمەڵ، پاکتاوی رەگەزی و گۆڕینی داعش بۆ هەڕەشەیەکی جیهانیی ترسناک.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، پۆمپیۆ داکۆکی لە رۆڵی کورد کرد و گوتی: کوردەکان یەکێک بوون لە دڵسۆزترین و بەنرخترین هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لە شەڕی دژ بە داعش. شەڕڤانانی کورد خوێنی خۆیان بەخت کرد بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئێمە و یەکێک بوون لە هۆکارە سەرەکییەکانی سەرکەوتنی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە تێکشکاندنی خەلافەتی داعش لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەیدا.
پۆمپیۆ رەخنەی لە متمانەکردنی ئیدارەی ئەمریکا بە حکومەتەکەی شەرع گرت و گوتی، پاشخانی شەرع وەک سەرکردەی پێشووی گرووپێکی سەر بە قاعیدە و بوونی ئیسلامییە توندڕەوەکان لە ناو وەزارەتی بەرگریی سووریا، نیشانەی ئەوەن کە واشنتن زیاد لە پێویست گەشبین بووە.
مایکی پۆمپیۆ داوای لە ئیدارەی ترەمپ و کۆنگرێس کرد کە سیاسەتی خۆیان بەرانبەر سووریا بگۆڕن و بە زووترین کات سزاکان بەسەر ئەحمەد شەرعدا بسەپێننەوە. جەختیشی کردەوە، دەبێت ترەمپ ئەوە بۆ جیهان روون بکاتەوە کە ئەمریکا پشت لە هاوپەیمانەکانی ناکات و ئامادەیە هێز بەکاربهێنێت ئەگەر سووریا لەسەر ئەم رێڕەوە مەترسیدارە بەردەوام بێت.