رۆژنامەیەک: چوارچێوەی هەماهەنگی هۆشدارییەکەی ئەمریکا بۆ کاندیدکردنی مالیکی پشتگوێ دەخات

رۆژنامەی (واشنتن پۆست)ـی ئەمریکی لە راپۆرتێکی تایبەتدا پەردەی لەسەر وردەکاریی کۆبوونەوەیەکی داخراو و پڕ لە گرژیی سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەکان لابرد. بە گوێرەی راپۆرتەکە، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لە رێگەی پەیامێکی توندەوە کە عەمار حەکیم خوێندوویەتییەوە، دژایەتیی رەهای خۆی بۆ کاندیدکردنەوەی نووری مالیکی دەربڕیوە.

هەینی، 30ـی کانوونی دووەمی 2026، رۆژنامەی (واشنتن پۆست)ـی ئەمریکی راپۆرتێکی بڵاو کردەوە، تێیدا هاتووە، لە میانەی کۆبوونەوەیەکی سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیدا، عەمار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی، دەقی پەیامێکی نائاسایی و تایبەتی ئیدارەی ترەمپی خوێندووەتەوە، کە ناوەرۆکەکەی بریتی بووە لە؛ رەتکردنەوەی کاندیدکردنی نووری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق، بەو پاساوەی ئەوەی واشنتن لە خولی پێشووی حوکمڕانیی ناوبراو رازی نەبووە.

رۆژنامەکە ئاماژەی بەوە داوە، لە کاتی خوێندنەوەی پەیامەکەی ئەمریکا، نووری مالیکی تووشی شۆک و سەرسوڕمان بووە. هاوکات بەشێک لە بەشداربووانی کۆبوونەوەکە پرسیاری ئەوەیان کردووە کە سەرچاوەی ئەم پەیامە کام دەزگای حکوومەتی ئەمریکایە، کە دواتر روون بووەتەوە لەلایەن (جۆشوا هاریس)، هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا گەیەنراوە.

بە پێی زانیارییەکانی واشنتن پۆست، پەیامەکەی ئەمریکا بۆ چوارچێوەی هەماهەنگی، زمانێکی دیپلۆماسیی توند و هەڕەشەئامێزی لەخۆ گرتووە، بە شێوەیەک تێیدا هاتووە: "دەستنیشانکردنی سەرۆکوەزیران و پۆستە باڵاکان بڕیارێکی سیادیی عێراقییە، بە هەمان شێوەش ئەمریکا مافی خۆیەتی بڕیاری سیادیی خۆی بدات سەبارەت بە چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ حکوومەتی داهاتوو بە پێی بەرژەوەندییەکانی خۆی."

رۆژنامەکە روونی کردووەتەوە، سەرەڕای ئەم هۆشدارییە روونەی ئەمریکا، سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی سوور بوون لەسەر کاندیدکردنی مالیکی، هەرچەندە ژمارەیەک لە بەشداربووان لە پرۆسەی دەنگدانەکەدا بێدەنگییان هەڵبژاردووە. ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە رایانگەیاندووە، "کە وا دیارە مالیکی هۆشدارییەکەی ئەمەریکای بە هەند وەرنەگرتووە."

بڕیارە سبەی شەممە، 31ـی کانوونی دووەمی 2026، سەرکردە باڵاکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ تاوتوێکردنی پرسی پێکهێنانی حکوومەت و دیاریکردنی چارەنووسی کاندیدی سەرۆکوەزیران کۆببنەوە.

ترەمپ لە دواین پەیامیدا بە روونی هێڵی سووری بۆ گەڕانەوەی مالیکی کێشابوو و رایگەیاندبوو: "هەڵبژاردنەوەی مالیکی وەک سەرۆکوەزیران بڕیارێکی خراپە بۆ عێراقییەکان."

سەرۆکی ئەمەریکا هۆشداریشی دابوو کە ئەگەر سیناریۆیەکی لەو شێوەیە ڕووبدات، واشنتن سەرجەم هاوکارییەکانی بۆ بەغدا ڕادەگرێت، ئەمەش وایکردووە بەشێک لە سەرکردە شیعییەکان بە دوای "بژاردەی سەلامەتتر"دا بگەڕێن.

چاوەڕوان دەکرێت دوای کۆبوونەوەکەی سبەی، وێنەی حکوومەتی داهاتووی عێراق و ناوی کاندیدەکە بە تەواوی ڕوون ببێتەوە.