وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: پابەندین بە ڕێککەوتنی نێوان هەسەدە و دیمەشق

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پابەندبوونی خۆی بە سەرخستنی جێبەجێکردنی رێککەوتننامە نێوان حکومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دووپات کردەوە و رایگەیاند، ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی بەهێزکردنی یەکپارچەیی و سەروەریی سووریا.

هەینی 30ـی کانوونی دووەمی 2026، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە راگەیەندراوێکدا، پشتیوانی تەواوی خۆی بۆ ئەو رێککەوتنەی نێوان حکوومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) نیشاندا . جەختیشی لەوە کردەوە، بەردەوام دەبێت لە کارکردنی نزیک لەگەڵ هەموو لایەنەکان بۆ ئاسانکاری لە پرۆسەی تێکەڵکردنەوەی هێزەکان بە شێوەیەکی خێرا و بێ کێشە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەم رێککەوتنە یەکپارچەیی، سەروەری و سەقامگیریی سووریا بەهێزتر دەکات، کە ئەمەش لە بەرژەوەندی هەموو گەلی سووریادایە.

ئاماژەی بەوەش کردووە، بە هەماهەنگییەکی نزیک لەگەڵ هاوبەشە هەرێمییەکانی، ئامادەیە بۆ دەستەبەرکردنی گواستنەوەیەکی ئاشتییانە و کاریگەر. ئامانج لەم هەوڵانەش گەیشتنە بە ئاشتبوونەوەیەکی بەردەوام و چەسپاندنی خۆشگوزەرانی لە سەرانسەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

لە راگەیەندراوەکەدا، واشنتن گەشبینی خۆی بۆ داهاتوویەکی گەشتر بۆ سووریا و تەواوی ناوچەکە نیشان داوە، و ئەم رێککەوتنەی وەک بناغەیەک بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانەکان وەسف کردووە.

هەر ئەمڕۆ ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)،دەقی ڕێککەوتننامە گشتگیرەکەی لەگەڵ حکوومەتی سووریا بڵاو کردەوە، کە تێیدا کۆتاییهێنان بە شەڕ و پرۆسەی یەکگرتنی تەواوەتی هێزە سەربازی و دامەزراوە ئیدارییەکان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕاگەیەندرا.