فراکسیۆنی پارتی لە بەغدا لەگەڵ فوئاد حوسێن کۆدەبێتەوە

بڕیارە ئەمڕۆ شەممە، 31ـی کانوونی دووەمی 2026، کاتژمێر 5:00 ئێوارە، فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا، لەگەڵ فوئاد حوسێن و رێکخستنی بەغدا کۆببنەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، ئەم کۆبوونەوەیە لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکاندا دێت بۆ دانیشتنی سبەینێی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق.

هاوکات، گفتوگۆکانی نێوان پارتی و یەکێتی لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار بەردەوامە و چاوەڕوان دەکرێت تا ئێوارەی ئەمڕۆ ئەنجامەکەی یەکلایی ببێتەوە، تەوەری سەرەکیی گفتوگۆکان بڕیاردانە لەسەر شێوازی بەشداریکردنیان لە دانیشتنەکەی سبەیدا، کە ئایا بە کاندیدێکی هاوبەش دەچنە هۆڵی پەرلەمان، یان هەر لایەنە و بە کاندیدی خۆی بەشداری دەکات.

ئەمەش لەکاتێکدایە فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق، بە فەرمی کارنامەی کۆبوونەوەی ژمارە (7)ـی بڵاو کردەوە، کە بڕیارە لە کاتژمێر (11:00)ـی پێشنیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە، 1ـی شووباتی 2026 بەڕێوە بچێت.

بە پێی کارنامەکە، بەرنامەی کاری دانیشتنەکە لە دوو تەوەری سەرەکی پێکهاتووە:

تەوەری یەکەم: تایبەتە بە ئەدای سوێندی دەستووری بۆ ژمارەیەک لەو پەرلەمانتارانەی کە پێشتر سوێندی یاساییان نەخواردووە یان شوێنگرەوەن.

تەوەری دووەم: تایبەتە بە "هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار"، ئەم هەنگاوە بە وێستگەیەکی گرنگ لە تەواوکردنی شایستە دەستوورییەکان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت دادەنرێت.