بەم خواردنە تەندروستی ریخۆڵەکانت بپارێزە

ئەڤۆگادۆ تەندروستی ریخۆڵەکان دەپارێزێت
ئەڤۆگادۆ تەندروستی ریخۆڵەکان دەپارێزێت

K24- هەولێر:

گرنگیدان بە زیندەچە سوودبەخشەکانی ناو ریخۆڵە، رێگا خۆش دەکات بۆ ئەوەی ریخۆڵەکان بە دروستی کاری خۆیان بکەن.

بە گوێرەی توێژینەوەیەکی نوێ، پاراستنی تەندروستی ریخۆڵەکان، دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی هەوکردن، پاراستنی پێست، باشترکردنی دۆخی دەروونی و بەهێزبوونی سیستمی بەرگری.

گۆڤاری نیوتریشن، توێژینەوەیەکی ئەنجامداوە و تێیدا ئەوە ئاشکرا کراوە، ئەو کەسانەی رۆژانە ئەڤۆگادۆ دەخۆن، پرۆسەی هەرسیان چالاکتر دەبێت و تەندروسی ریخۆڵەکانیان پارێزراوترە.

توێژینەوەکە لەسەر 163 کەس کراوە، ئەم کەسانە بۆ سەر دوو گروپ دابەشکراوە، گروپێکیان بۆ ماوەی 12 هەفتە، رۆژانە ئەڤۆگادۆیان خواردووە و گروپەکەی دیکەش، بە پێچەوانەوە.

دەرکەوتووە، ئەو گروپەی ئەڤۆگادۆیان خواردووە، زیندەچەیی زیاتریان هەبووە کە بوونەتەهۆی خێرا هەرسکردن و تێکشکانی فایبەرەکان بە شێوەیەکی ئاسانتر. ئەمەش بەهۆی ئەوەی ئەڤۆگادۆ چەوری سوودبەخش و فایبەری تێدایە.

توێژینەوەکە لە زانکۆی ئیلانیۆس ئەنجامدراوە و تێیدا ئەوەش ئاشکراکراوە، خواردنی رۆژانەی ئەڤۆگادۆ، لە قەڵەویی و کۆبوونەوەی چەوری زیانبەخش دەمانپارێزێت.