ئەو پیاوەی هاڕەی بە نرخی زێڕ کرد
دوێنێ بازاڕە داراییەکان بەتەواوەتی شڵەژان، نرخی زێڕ و زیو دابەزینی گەورەیان تۆمارکرد، بەوهۆیەوە سەدان کەس زیانیان بەرکەوتووە، زۆر هۆکار و شرۆڤە خرانەڕوو بۆ ئەو دابەزینە، بەڵام ئەوەی باس نەکرا ئەو پیاوە بوو کە بووە هۆکاری شڵەژانی بازاڕەکان.
"دۆستی سەرمایەداران" لەوانەیە ئەم نازناوە بەتەواوەتی گونجاو بێت بۆ کیڤن وارش، ئەو پیاوەی ترەمپ دیاریکردووە بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆکی یەدەگی فیدراڵیی ئەمریکا لە جێگەی جیرۆم پاوڵ.
کیڤن وارش، پیاوێکی 55 ساڵی ئەمریکییە، پارێزەر و ئابووریناسێکی دیاری جیهانە، بڕیارە لە مانگەکانی داهاتوو پۆستی سەرۆکی یەدەگی فیدراڵیی ئەمریکا وەربگرێت، ئەو پۆستەی وەک مایسترۆیەک ئابووریی جیهان ئاراستە دەکات.
کاتێک، ترەمپ ناوی کیڤن وارشی ئاشکرا کرد وەک جێگرەوەی جیرۆم پاوڵ، بازاڕەکان بەخێرایی کاردانەوەیان هەبوو، نرخی زێڕ لەماوەی چەند کاتژمێرێکدا زیاتر لە 800 دۆلار بۆ ئۆنسەیەک دابەزی، هۆکاری ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ پاشخانی کیڤن وارش، ئەو دەیەوێت پارێزگاری لە بەهای دۆلار بکات و رێگە نەدات پێگە جیهانییەکەی بکەوێتە مەترسییەوە.
لەبارەی سیاسەتی کارکردنی کاندیدە نوێکەی ترەمپ، تیم وۆتێر گەورە راوێژکاری ئابووریی کۆمپانیای KCM ئاماژە بەوە دەکات؛ کیڤن وارش، دژی شلکردنەوەی سیاسەتی نەختینەیی و کەمکردنەوەی رێژەی سووی بانکییە، دۆلار دەبووژێنێتەوە و خواست لەسەر زێڕ و کانزاکان کەمدەکاتەوە.
وارش لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتی ترەمپدا، کێبڕکێی جیرۆم پاوڵی دەکرد، بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی یەدەگی فیدراڵی، بەڵام ئەوکات ترەمپ پشتیوانیی پاوڵی کرد، بەوهۆیەوە وارش شکستیهێنا.
گەورەترین دەستکەوتی کیڤن وارش لە بواری ئابوورییدا، ئەو رۆڵە یەکلاکەرەوەیە بوو، لە قەیرانی ساڵانی 2008 و 2009 لە ئەمریکا گێڕای، بەوهۆیەوە بە فریادڕەسی بۆرسەی وۆڵ ستریت دادەنرێت کە رووحی ئابووریی ئەمریکایە.
ئەو پیاوەی ترەمپ دەیەوێت بیکاتە سەرۆکی یەدەگی فیدراڵی، دۆستی نزیکی زۆربەی ملیاردێرەکانی ئەمریکایە، وەکو راوێژکار لەگەڵ هەریەک لە ستانلی دراکنمیلەر و رۆناڵد لاودەر کار دەکات کە دوو گەورە ملیادرێری ئەمریکان.
هەرچەندە، ترەمپ پشتیوانیی دابەزاندنی رێژەی سووی بانکی دەکات و گەورەترین ناکۆکی ئەو و پاوڵ بەهۆی رێژەی سووی بانکییە، بەڵام بەپێی میدیاکانی ئەمریکا و ئەو پاشخانە ئابووریەی هەیەتی، کیڤن وارش ناچێتە ژێر باری دابەزاندنی رێژەی سووی بانکی، بەڵام ئامرازی دیکەی هەیە بۆئەوەی وابکات ترەمپ لە کارەکانی رازی بێت.
بەپێی یاسای یەدەگی فیدراڵیی ئەمریکا، جیرۆم پاوڵ تاوەکو مانگی ئایار بەردەوام دەبێت لە پۆستەکەی، ئەوکات کیڤن وارش دەچێتە شوێنی، بەڵام ئەگەرێکی دیکە هەیە کە بەهۆی ئەو کەیسەی لە دادگا لەسەریەتی، جیرۆم پاوڵ پێش وادەی خۆی لە پۆستەکەی لاببرێت و وارش زووتر دەستبەکار بێت، ئەوە پەیوەستە بە بڕیاری دادگا و چارەنووسی کەیسەکەی.