سەرۆککۆماری ئێران بەبۆنەی کوژرانی لاریجانی پەیامێکی بڵاوکردەوە
سەرۆککۆماری ئێران بەهۆی گیان لەدەستدانی عەلی لاریجانی پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، تۆڵەیەکی سەخت لە چاوەڕوانی ئەنجامدەرانیدایە.
سێشەممە، 18ـی ئاداری 2026، مەسعود پزیشکیان بەهۆی کوژرانی عەلی لاریجانی پەیامیکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند" کوژرانی برای فازڵ، بەڕێز و ئازیزم، جەنابی دکتۆر عەلی لاریجانی، بووە هۆی خەم و پەژارەیەکی قووڵ، ئەو کەسایەتییەکی دیار و بەنرخ بوو کە لە درێژەی تەمەنی کۆماری ئیسلامیدا لە سەنگەرە جیاوازەکاندا سەرچاوەی خزمەت و دەستکەوتی گەورە بوو."
سەرۆککۆماری ئێران ئاماژەی بەوەش کرد کە لە ماوەی کارکردنی درێژخایەنیان لە ئەنجوومەنی شوورای ئیسلامی و دواتریش لە پۆستی سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی، جگە لە "خێرخوازی، وردبینی، هاوکاری و دووربینی" هیچی دیکەی لە لاریجانی نەبینیوە و پڕکردنەوەی شوێنی ئەو "کارێکی زۆر سەخت و دژوار دەبێت."
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، سەرۆککۆماری ئێران هەڕەشەی لە ئەنجامدەرانی هێرشەکە کرد و گوتی: بەبێ گومان تۆڵەیەکی سەخت لە چاوەڕوانی ئەنجامدەرانی دایە.