ئێران بە فەرمی کوژرانی لاریجانی راگەیاند
میدیا فەرمییەکانی ئێران هەواڵی گیانلەدەستدانی عەلی لاریجانی، یەکێک لە دیارترین و کاریگەرترین سیاسەتمەدارانی ئەو وڵاتەیان بڵاوکردەوە و، جەختیان لەوە کردەوە کە لاریجانی لە هێرشێکی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیلدا کراوەتە ئامانج.
سێشەممە، 17ـی ئاداری 2026، میدیا فەرمییەکانی ئێران بڵاویان کردەوە، عەلی لاریجانی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە میانی هێرشێکی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل کراوەتە ئامانج.
میدیاکانی ئێران ستایشی رۆڵ و پێگە و رۆلی لاریجانیان کردووە و دەڵێن: "عەلی لاریجانی تەواوی ژیانی خۆی لە دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامییەوە، بۆ خزمەتکردنی ئیسلام و شۆڕش تەرخان کردبوو."
لە لایەکی دیکەوە ئاژانسی هەواڵی تەسنیم، بڵاوی کردەوە، عەلی لاریجانی و مورتەزای کوڕی، لەگەڵ عەليرەزا بەیاتیی جێگر لەگەڵ ژمارەيەك لە پاسەوانەكانى كوژراون.
لای خۆیەوە ئاژانسی فارس بڵاوی کردەوە، سبەی چوارشەممە کاتژمێر 1:30ـی دوای نیوەڕۆ، ڕێوڕەسمی بە خاکسپاردنی لاریجانی و غولامڕەزا سولەیمانی، سەرۆکی رێکخراوی بەسیج، لەگەڵ سەربازە کوژراوەکانی کەشتی دێنا لە تاران بەڕێوە دەچێت.
هەر ئەمڕۆ سوپای ئیسرائیل لە راگەیەنراوێکدا کوژرانی عەلی لاریجانی، سکرتێری گشتیی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێرانی راگەیاندبوو.