هاوسەرەكەی لیڤاندۆڤسكی بۆمبێكی گەورە دەخاتە نێو سۆشیاڵمیدیا
ئانا لیڤاندۆڤسکا، هاوسەری ڕۆبەرت لیڤاندۆڤسکی هێرشبەری پۆڵەندی، قسە و باسێكی زۆری خستە نێو سۆشیاڵمیدیا لەبارەی چارەنووسی پیاوەكەی لەگەڵ بارسێلۆنا، ئەمەش لە كاتێكدایە ئێستا داهاتووی لیڤاندۆڤسكی لەژێر پێداچوونەوەی وردی ئیدارەی یانەی بارسێلۆنایە.
گرێبەستی لیڤاندۆڤسكی تەمەن 33 ساڵ لە كۆتایی ئەم وەرزە لەگەڵ بارسێلۆنا كۆتایی دێت، بارسێلۆنا دوو مەرجی بۆ نوێكردنەوەی گرێبەستی ئەو یاریزانە هەیە، كە پێكهاتوون لە كەمكردنەوەی مووچەكەی و رازیبوون لەسەر كورسی یەدەك.
ئانا لیڤاندۆڤسكا، لە چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ تۆڕی هەواڵی (ئۆنێت پلێجادا) دانی بەوە دانا كە ئەم وەرزە دەبێتە دوایین وەرزی هاوسەرەكەی لەگەڵ بارسێلۆنا، ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات ئۆفەری زۆر باشتری لە یانەكانی پرێمەرلیگ و خولی رۆشنی سعوودیە پێگەیشتووە.
ئانا لیڤاندۆڤسکا دەشڵێت: هەمووتان دەبینین ئەم وەرزە لە بارسێلۆنا لەبارەی دۆخی لیڤاندۆڤسكی چی دەگوزەرێت، دەمەوێت راستگۆ بم، چێژ لە دوایین ساتەكان وەردەگرین كە لێرە لەگەڵ بارسێلۆنا و هاندەران بەسەری دەبەین، بەڵام هەست دەكەم دوایین رۆژەكان تێپەڕ دەكەین و بێگومان رۆژێكدا دێت هیچ كامێكمان لێرە نابین.
ئانا هێمای بۆ ئەوەش كرد هیوادارە لیڤاندۆڤسكی لەنێو هاندەرانی بارسێلۆنا لەبیر نەكرێت، ئەو بە هەموو هێزەوە هەوڵی سەركەوتنی ئەو یانەیەی داوە و شتی گەورەی لەگەڵ ئەو یانەیە بەدەستهێناوە.
لیڤاندۆڤسكی تەمەن 38 ساڵ، هاوینی 2022 لە بایرن میونشنەوە بە بەهای 45 ملیۆن یۆرۆ روویكردە بارسێلۆنا، لیڤا لەگەڵ یانە كەتەلۆنییەكە لە كۆی 170 یاری، 112گۆڵ و 22 ئەسیستی كردووە.
لیڤاندۆڤسکی لەم وەرزەدا 25 یاری بۆ بارسێلۆنا لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان ئەنجامداوە و 12گۆڵ و 3 ئەسیستی کردووە.