یونسێف هەوڵەکانی بۆ پاراستنی منداڵانی ئێران و گێڕانەوەی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان چڕ دەکاتەوە
لەگەڵ زیادبوونی پێداویستییە مرۆییەکان لە ئێران، رێکخراوی یونسێف پشتیوانییەکانی خۆی بۆ گێڕانەوەی دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە تەندروستییە بنەڕەتییەکان بۆ منداڵان و خێزانەکان چڕتر کردووەتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 19ـی ئاداری 2026، یونسێف بڵاویکردەوە، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستیی ئێران، تا ئێستا دوو یەکەی تەندروستی گەڕۆک، هەشت خێوەتی تایبەت بە چاودێری تەندروستی سەرەتایی (PHC) و 81 جانتای فریاگوزاری تەندروستی سەرەتایی لە ناوچە جیاجیاکان جێگیر کراون.
هەروەها ئاماژە بەوە کراوە، کاروانێکی دیکەی هاوکارییەکان لە رێگادان کە پێکهاتوون لە دوو خێوەتی دیکەی چاودێری تەندروستی و 131 جانتای فریاگوزاری؛ بەمەش پێشبینی دەکرێت هاوکارییەکان بگەنە دەستی لانی کەم 226 هەزار کەس، جەختیش لەوە کراوەتەوە کە یونسێف خەریکی فراوانکردنی پشتیوانییە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکانە بۆ ئەو منداڵانەی کە بەهۆی پەرەسەندنی گرژییەکانەوە کاریگەر بوون.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا جەخت لەوە کراوە، پێویستە پارێزگاری لە منداڵان بکرێت و زەمینەی دەستڕاگەیشتنیان بەو چاودێرییە تەندروستییە بۆ فەراهەم بکرێت کە بەپەلە پێویستیانە.
هەروەها دوو هەفتە لەمەوبەر واتە، 6ـی ئاداری 2026، لە راگەیەندراوێکدا رێکخراوی یونسێف رایگەیاندووە، بەهۆی هێرشەکانەوە، نزیکەی 180 منداڵ لە ئێران کوژراون، لە نێوان قوربانییەکاندا 168 کچ هەن کە بەهۆی هێرشێک بۆ سەر قوتابخانەی بنەڕەتی کچانی لە باشووری ئێران لە 28 شوباتدا کوژراون، ئەمەش لەکاتێکدا بووە وانەوتنەوە لەناو پۆلەکاندا بەردەوام بووە.
هەروەها راپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن زۆربەی کوژراوەکان قوتابی بوون و تەمەنیان لە نێوان7بۆ 12 ساڵدایە، جگە لەوەش، 12 منداڵی دیکە لە قوتابخانەکانی دیکەی پێنج ناوچەی جیاوازی ئێران کوژراون.
هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە لەگەڵ بەردەوامیی هێرشە سەربازییەکان لە ناوچەکەدا، منداڵان زیاتر رووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە و زیانگەیشتن بە ژێرخانی مەدەنی هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر سەلامەتییان، هەر بەگوێرەی راپۆرتەکان، لانیکەم 20قوتابخانە و 10 نەخۆشخانە لە ئێران زیانیان پێگەیشتووە، ئەوەش بووەتە هۆی پەککەوتنی دەستڕاگەیشتنی منداڵان بە پەروەردە و خزمەتگوزارییە تەندروستییە گرنگەکان.