فلۆرێنتینیۆ پێرێز سووپرایزێكی بۆ هانده‌رانی ریال مه‌درید ئاماده كردووه
به گوێره‌ی میدیاكانی ئیسپانیا، محه‌مه‌د سه‌ڵاح ئه‌ستێره‌ی میسری یانه‌ی لیڤه‌رپوول ده‌یه‌وێت له‌و یانه‌یه بڕوات، به‌تایبه‌تی دوای ئه‌وه‌ی له به‌شێك له یارییه‌كانی رابردووی یانه‌كه‌ی له پێكهاته‌ی سه‌ره‌كی دوورخراوه‌ته‌وه و وه‌كو یاریزانی یه‌ده‌گ به‌شداریی ده‌كات.
محه‌مه‌د سه‌ڵاح له یاری رابردووی یانه‌كه‌ی له خوله‌كی 57 هاته شوێنی سادیۆ مانێ، دوو گۆڵ و ئاسیستێكی كرد، له دوای یارییه‌كه‌ش محه‌مه‌د ئه‌بوتریكه شرۆڤه‌كاری میسری تۆڕی بێ ئێن سپۆرتسی قه‌ته‌ری رایگه‌یاند پێویسته سه‌ڵاح رووبكاته یانه‌كانی بارسێلۆنا یان ریال مه‌درید.
ئه‌بوتریكه گوتیشی: لیڤه‌رپوول وه‌كو ئه‌ستێره‌یه‌كی گه‌وره سه‌یری سه‌ڵاح ناكات، ئه‌مه‌ش وایكردووه سه‌ڵاح له زۆر ده‌ستكه‌وتی گه‌وره بێبه‌ش بێت و نه‌توانێت زیاتر گه‌شه بكات.
له لایه‌كی دیكه‌یشه‌وه، سه‌ڵاح له دوایین لێدوانی‌دا كه له پێگه‌ی گۆڵی ئینگلیزی بڵاوبووه‌ته‌وه رۆیشتنی بۆ یانه‌كانی ریال مه‌درید و بارسێلۆنا ره‌ت نه‌كردووه‌ته‌وه و ده‌ڵێت: هه‌موو یاریزانێك خه‌ون به یاریكردن له‌و دوو یانه‌یه ده‌بینێت، ناشزانم له داهاتوو چاره‌نووسی من به‌كوێ ده‌گات.
له لایه‌كی دیكه‌یشه‌وه، پێگه‌ی دۆن باڵۆن و رادیۆی ماركا ئاماژه‌یان بۆ ئه‌وه كردووه كه فلۆرێنتینۆ پێرێزی سه‌رۆكی یانه‌ی ریال مه‌درید له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د سه‌ڵاح له گفتووگۆدایه و ئه‌ستێره میسرییه‌كه ره‌زامه‌ندی ده‌ربڕیوه درێسی ریال مه‌درید بپۆشێت.
محه‌مه‌د سه‌ڵاح له یانه‌ی موقاولونی میسری ده‌ستی به یاریكردن كردووه، دواتر له 2012 له ده‌رگه‌ی یانه‌ی بازلی سویسرا په‌یوه‌ندی به خوله‌كانی ئه‌ورووپا كرد، له‌گه‌ڵ یانه‌ی بازل دره‌وشایه‌وه له كۆی 79 یاری 20 گۆڵ و 17 ئاسیستی كرد، دوای دوو ساڵ له لایه‌ن خۆزێ مۆرینیۆی راهێنه‌ری ئه‌وكاتی چێڵسی داوا كرا، به‌ڵام مۆرینیۆ وه‌كو پێویست ده‌رفه‌تی پێنه‌دا، بۆیه به‌شێوه‌ی خواستن روویكرده فیۆرێنتینا، دوای تێپه‌ڕكردنی نیو وه‌رز له‌گه‌ڵ ئه‌و یانه‌یه به‌ره‌و یانه‌ی رۆما گواسترایه‌وه ئاستی له‌گه‌ڵ ئه‌و یانه‌یه گه‌یشته لوتكه، به‌جۆرێك له كۆی 83 یاری 34 گۆڵ و 22 ئاسیستی كرد، پاشان له هاوینی 2017 له لایه‌ن یۆرگن كڵۆپی راهێنه‌ری لیڤه‌رپوول داوا كرا به 42 ملیۆن یۆرۆ په‌یوه‌ندی به‌و یانه‌یه كرد، نازناوی چامپیۆنزلیگ و پرێمه‌رلیگی برده‌وه و له كۆی 173 یاری 110 گۆڵ و 45 ئاسیستی كرد.