بناس دۆسکی بۆ کوردستان 24: لایەنە شیعەکان پەلە لە پێکهێنانی حکوومەت ناکەن

بناس دۆسکی ئەندام پەرلەمانی عێراق
بناس دۆسکی ئەندام پەرلەمانی عێراق

پەرلەمانتارێکی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: کاندیدی پارتەکەیان بۆ پۆستی سەرۆککۆمار لە نێو پەرلەمانە و ئامادەی دانیشتنەکەیە، ئاماژەی بەوەش دا کە لایەنە شیعەکان بەهۆی بارودۆخە سیاسییەکان و لێدوانە نێودەوڵەتییەکانەوە، دەیانەوێت لە هەڵبژاردنی سەرۆکوەزیران و پێکهێنانی حکوومەت پەلە نەکەن.

بناس دۆسکی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەسەر لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان بە کوردستان 24ی گوت: "پارتی ئامادەیە بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمان و فوئاد حوسێن کاندیدی فەرمیی پارتی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار  ئێستا لە نێو باڵەخانەی پەرلەمانە."

سەبارەت بە هەڵوێستی لایەنە شیعەکان، ئەو پەرلەمانتارە گوتی: "دیارە ماڵی شیعی بڕیاریداوە پەلە نەکەن و لە پرسی کاندیدی سەرۆکوەزیران لەسەرخۆ بن، بەتایبەتی دوای لێدوانەکانی ترەمپ، وا دیارە برا شیعەکان پێیان باشتر بووە کات وەربگرن بۆ یەکلاکردنەوەی پرسی هەڵبژاردنی کەسایەتییەک بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی نوێی و پێکهێنانی کابینەی حکوومەت."

بناس دۆسکی روونیشی کردەوە کە بەگوێرەی رێکارەکان، دوای هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار، پێویستە راستەوخۆ سەرۆکی گەورەترین هاوپەیمانی کە "چوارچێوەی هەماهەنگییە"، کاندیدی سەرۆکوەزیران پێشکەش بکەن بۆ ئەوەی دەست بە پێکهێنانی حکوومەت بکرێت.

ئەو پەرلەمانتارەی پارتی جەختی لەوەش کردەوە کە لەم قۆناغەدا هەموو لایەنەکان دەیانەوێت پەلە نەکەن لە بڕیاردان، بۆ ئەوەی ئەنجامێکی بەرهەمداریان هەبێت و بڕیارەکان لە بەرژەوەندیی عێراقدا بن.

ئەم لێدوانانەی بناس دۆسکی لەکاتێکدا دێن کە بڕیاربوو ئەمڕۆ کاتژمێر 11ی بەیانی دانیشتنی پەرلەمان بەڕێوەبچێت بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار بەڵام بۆ جاری دووەم دانیشتنەکە دواخرا بەهۆی ئامادەنەبوونی ژمارەی پێویست لە ئەندامانی پەرلەمان بە تایبەت ئەوانەی سەر بە چوارچێوەی هەماهەنگین کە گەورەترین هاوپەیمانی نێو پەرلەمانی عێراقە.