ئۆپێک پڵەس بەرهەمهێنانی نەوت زیاد ناکات

ئاژانسی رۆیتەرز بڵاوی کردەوە،  وڵاتانی ئەندامی رێکخراوی ئۆپێک پڵەس، بڕیاریان داوە بڕی بەرهەمهێنانی نەوت زیاد نەکەن، چونکە نرخی نەوتی خاوی برێنت لە بەرزترین ئاستی خۆیدایە. 

یەکشەممە 1ـی کانوونی دووەمی 2026، ئاژانسی هەواڵی رۆیتەز لە زاری سێ سەرچاوەی و نێو رێکخراوەکە، کە رەشنووسی کۆبونەوەکەیان بە رۆیتەرز نیشان داوە، ئاشکرای کردووە "وڵاتانی ئەندامی ئۆپێک پڵەس لەسەر ئەوە رێککەوتوون زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ مانگی  ئادار ،  رابگرن." 

ئاژانسەکە، ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت دێت کە نرخی نەوتی خاو گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی لە شەش مانگی رابردوودا، ئەمەش بەهۆی مەترسییەکانی هێرشی سەربازیی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، کە ئەندامێکی رێکخراوی ئۆپێکە. 

رۆیتەرز، جەختی لەوەش کردووەتەوە، کۆبوونەوەی هەشت وڵاتی ئەندامی ئۆپێک پڵەس دوای ئەوە دێت کە رۆژی هەینیی رابردوو، نرخی نەوتی خاوی برێنت لە کاتی داخستنی بازاڕەکاندا لە 70 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک نزیک بووەوە، کە نزیکە لە بەرزترین ئاستی شەش مانگی رابردوو کە (71.89 دۆلار) بووە و لە رۆژی پێنجشەممە تۆماری کردبوو، ئەمەش سەرەڕای پێشبینییەکان بۆ هەبوونی زیادەی خستنەڕوو لە ساڵی 2026دا کە ڕەنگە ببێتە هۆی دابەزینی نرخەکان.