ڕووبار خالید: لە دەستپێکی خۆپیشاندانەکانەوە بڵندگۆیەکم پێیە و درووشم دەڵێمەوە بۆ پشتگیری ڕۆژئاوای کوردستان

ڕووبار خالید، خانمە شانۆکار و سینەماکار، لەو چاوپێکەوتنە تایبەتەیدا لەگەڵ کوردستان24، تیشک دەخاتە سەر کارە هونەرییەکانی خۆی و باس لە هەڵوێست و پاڵپشتی هونەرمەندان بۆ ڕۆژئاوای کوردستان دەکات و دەڵێت: لە دەستپێکی خۆپیشاندانەکانەوە، بڵندگۆیەکم پێیە و هاوار دەکەم و درووشم دەڵێمەوە، هانی هاووڵاتییان دەدەم بەشداری هەڵمەتەکانی کۆمەک کۆکردنەوە بکەن.

یەکەم ژوانی تۆ و هونەر لەکوێدا گرێدرا؟

کە خۆت خولیا و خۆشەویستیت بۆ کارەکەت هەبوو، خێزانیش هاندەرت بوون، بەدڵنیاییەوە ئەو ژوانە ڕوودەدات، ئێمە وەکوو خێزان، بەشداریمان لە چالاکییە هونەرییەکانی شانۆ و گۆرانی تیپی هەڵپەڕکێ دەکرد، بەڵام دەرکەوتنی من لە ساڵی 2011 بوو لەگەڵ "کۆڕی شانۆی با"، لە شانۆگەری "چاو دەکەیتەوە لمە جەستە سەحرایە ڕووح"، لە دەرهێنانی مامۆستا هۆرێن غەریب، هەر ئەوانیش ئەزموونی هونەرییان دەوڵەمەند کردم.

ڕۆڵی هونەرمەندانی کوردستان، لە پاڵپشتیکردنی ڕۆژئاوا چۆن بوو؟

کە هەڕەشە و داگیرکاری و جینۆساید هاتە بەر ماڵەکانمان ناپرسێت تۆ چ کارەی، هەڕەشە بۆ سەر گەلی کوردستان بە هەموو نەتەوە و ئایین و ئاینزایەک لە ڕۆژئاوای نیشتمان هەیە، من وا تەماشای دەکەم کە هەڕەشەیە بۆ سەر دەربەندیخان و ئامێدی و هەورامان و کفری، جا تۆ شانۆکار بیت یان دارتاش، گۆرانیبێژ بیت یان گوڵفرۆش، میوەفرۆش بیت یان پەیکەرتاش، سینەماکار بیت یان کرێکار، کەواتە یەک هەڕەشە و یەک چارەنووس چاوەڕێتە، هونەر لە هەموو بزوتنەوەیەکی ئازادیخوازی گەلان ڕۆڵی هەبووە، بۆ ئێمەش هەر وایە.

تۆ وەکوو هونەرمەندێک، چۆن پاڵپشت بوویت بۆ ڕۆژئاوای کوردستان؟

لە دەستپێکی خۆپیشاندانەکانەوە، بڵندگۆیەکم پێیە و هاوار دەکەم و درووشم دەڵێمەوە، هانی هاووڵاتییان دەدەم بەشداری هەڵمەتەکانی کۆمەک کۆکردنەوە بکەن.

بەنیازی بەرهەمهێنانی کارێکی هونەری نین وەک پشتگیرییەک بۆ ڕۆژئاوا؟

ئەم چالاکییانە کە ئەنجامدران، لە بەشداری فراوانی هاووڵاتییان، تابلۆیەکی هونەری و پڕ چیرۆکی هونەری بوو، دەنگی یەکگرتوویی بوو بۆ مافە دیموکراسی و نەتەوەییەکانی گەلی کوردستانی ڕۆژئاوا، بێدەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی شکاند، جگە لەوەی لەناو ئەو سەدان هەزار خۆپیشاندانە، دروشم و هوتاف و دەربڕینی ڕقاوی تێدا نەبوو بۆ هیچ نەتەوەیەک.

ئێستا سینەمای کوردی لەبەرەوپێشچوونی بەردەوامدایە، ئەو بەرەوپێشچوونە چۆن دەبینی؟

تۆ وەک ڕۆژنامەنووسێک پێم بڵی چەند کۆمەکی سینەما دەکرێت، پێم بڵێ کەرتی تایبەت چەند سەرمایەگوزاری لە سینەما دەکات، منیش ئەوکات پێت دەڵێم سینەما چەندە گەشەی سەندووە.

کارە هونەرییەکانت جێگەی خۆی لەناو دڵی خەڵکدا کردووەتەوە، لە داهاتووشدا هەر بەمشێوەیە بەردەوام دەبیت لە پێشکەشکردنی ئەدا و کاری جوان؟

خۆشەویستی هاوڵاتیان بۆ ئەو بەرهەمانەی کارم تێدا کردووە، بۆ ئەو ڕۆڵانەی بینیومە و بە دڵیان بووە، وام لێدەکات بترسم، بەڵێ ئەو خۆشەویستییە ترسی لا درووست کردووم، تا ئەوەی بوەستم تا ڕۆڵێک ببینم کە لە ئاستی بەرهەمەکانی پێشووم بێت و لە ئاست چاوەڕوانی بینەرەکانمدا بێت.

پرۆژەی نوێت چی دەبێت؟

زۆر پرۆژەی نوێم بۆ پێشنیاز کراوە، بەڵام بەداخەوە هیچ پاڵپشتییەکی سینارست و دەرهێنەرەکان ناکرێت لە ڕووی داراییەوە تا خەونە گەورەکانیان بهێننەدی و لەسەر شانۆ و شاشەکان نمایش بکرێن.

ڕووبار خالید، خانمە شانۆکار و سینەماکار، خەڵکی شاری سلێمانییە، خاوەنی چەندین کاری هونەرییە لە بواری شانۆ و سینەمادا، ڕۆڵگێڕانەکەی وا دەکات دەرهێنەرەکان ڕۆڵی پێبدەن و هەواداری تایبەتی خۆی هەیە.