کشتوکاڵی هەولێر زنجیرەیەک بڕیاری نوێی دەربارەی باج و قەدەغەکردنی هاوردە راگەیاند

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کشتوکاڵی هەولێر پلانێکی نوێی بۆ پاراستنی بەرهەمی جووتیارانی ناوخۆ و رێکخستنی هاوردەکردنی کاڵا بیانییەکان راگەیاند، باجێکی زۆر دەخرێتە سەر چەندین بەرهەم و هاوردەکردنی هەندێکی دیکەش بە تەواوی رادەگیرێت.

ئەمڕۆ دووشەممە، 2ـی شوباتی 2026، هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر رایگەیاند: "لەگەڵ پێگەیشتنی بەرهەمە ناوخۆییەکان لە دەشتی هەولێر و گەرمیان، رێکاری توند دەگرینە بەر بۆ کەمکردنەوەی هاوردەکردن یان زیادکردنی باج، بە ئامانجی رێگریکردن لە دابەزینی نرخی بەرهەمی ناوخۆ و پاراستنی ماندووبوونی جوتیاران."

هێمن سەید موراد ئاماژەی بەوەش دا؛ خشتەی باج و قەدەغەکردنی بەرهەمە رووەکییەکان، بەگوێرەی بڕیارە نوێیەکان، لە مانگی نیسانی 2026ەوە، ئەم رێکارانە جێبەجێ دەکرێن؛ لە 1ـی نیسان تا ١ـی ئەیلوولی 2026، هاوردەکردنی بە تەواوی قەدەغە دەبێت. هەروەها بڕی 750 دینار باج دەخرێتە سەر هەر کیلۆگرامێک لە وەرزی پێگەیشتنی ناوخۆیی 15/ئایار تا 1ـی کانوونی یەکەمی 2026. خەیار و کولەکە، بڕی 500 بۆ 600 دینار باج بۆ هەر کیلۆگرامێک دیاری کراوە. باجی سێو و هەنجیر 750 دینار و گێلاس هەزار دینار دەبێت بۆ هەر کیلۆگرامێک.

راشیگەیاند؛ کەرتی بەرهەمە ئاژەڵییەکان؛ لە پێناو پاڵپشتی پڕۆژە ناوخۆییەکان، بۆ ئەو مەبەستەش رێکاری توندتر گیراوەتە بەر و بە درێژایی ساڵ هاوردەکردنی هێلکە قەدەغە کراوە. گۆشتی مریشک، بە رێژەی سەدا30 باجی دەخرێتە سەر و ماست و ماسی: باجی هەر کیلۆگرامێک ماست هەزار دینار و ماسی فرێش (سەلەمون) بڕی هەزار و 500 دینار باجی دەخرێتە سەر.

ئاماژەی بەوەشدا؛ هاوردەکردن تەنیا بە رەزامەندی فەرمی وەزارەت و بەپێی پێویستی بازاڕ دەبێت و پێویستە بازرگانان مانگێک پێش هاوردەکردن، لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاگادار بکەنەوە لە بڕ و جۆری ئەو بەرهەمەی دەیانەوێت بیهێنن، تاوەکو بتوانرێت هاوسەنگی بازاڕ رابگیرێت و پێشبینی ورد بۆ نرخەکان بکرێت.

هێمن سەید موراد گوتیشی؛ ئەم بڕیارانە هاوکاتە لەگەڵ هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گەیشتن بە خودبژێوی و پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ وەک جێگرەوەیەک بۆ داهاتی نەوت.