لە هەولێر دەست بەسەر زیاتر لە سێ تۆن هەنگوینی ساختەدا گیرا

لە هەولێر، دەست بەسەر بڕی سێ هەزار و 100 کیلۆگرام هەنگوینی ساختەدا گیرا و لە بازاڕەکان کێشرایەوە. لایەنە پەیوەندیدارەکان دەڵێن، هەنگوینەکە لە پشکنینی تاقیگەیی دەرنەچووە و شیاوی خواردن نییە، لە کاتێکدا بە نرخێکی گران و وەک هەنگوینی سروشتی بە هاووڵاتییان فرۆشراوە.

هۆگر عەلی، بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانی هەولێر، بە کوردستان24ی راگەیاند: دوای گلەیی هاووڵاتییان لە کڕینی هەنگوینێکی ساختە کە بە بڕی 80 بۆ 100 هەزار دینار کڕیویانە، تیمەکانی ئێمە نموونەی هەنگوینەکەیان بۆ تاقیگەی کۆلێژی زانست بەشی کیمیا ناردووە و دەرکەوتووە کە هەنگوینەکە بە تەواوەتی ساختەیە و بۆ خواردن شیاو نییە، بگرە زیانی تەندروستیشی هەیە.

ئەوەشی خستەڕوو "تەنانەت هەنگوینی شانەی داریش بە شێوەیەکی دەستکرد دروستکراوە و بە زیاتر لە 100 هەزار دینار فرۆشراوە. ئێستا هەنگوینەکە لە بازاڕ بە تەواوەتی دەستی بەسەردا گیراوە و بە هەموو شێوەیەک کڕین و فرۆشتنی قەدەخە کراوە."

بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی هەولێر، جەختی کردەوە لەوەی "ئەو کەسەی کە ئەم جۆرە هەنگوینەی دروست کردووە و رەوانەی بازاڕی کردووە، بەگوێرەی یاسا و رێنماییەکان سزا دەدرێت."

هەروەها گوتیشی: لەسەر راسپاردەی بریکاری وەزارەتی بازرگانی، لە ئەمڕۆوە هەڵمەتی کۆنترۆڵکردنی بازاڕ دەستی پێکردووە، بۆ ئەوەی لە مانگی رەمەزاندا خۆراکی ناتەندروست بە هاووڵاتیان نەفرۆشرێت.