ئیلۆن مەسک، هۆشداریی لە تێكچوونی دۆخی ئەمریکا دەدات
سەرمایەداری ئەمریکی و خاوەنی کۆمپانیای تێسلا، هۆشداری دەدات لەوەی وڵاتەکە لە لێواری شەڕێکی ناوخۆیی نوێ دایە.
سێشەممە، 3ـی شوباتی 2026، نووسەرێک لە هەژماری خۆی لە پلاتفۆڕمی (ئێکس) ئاماژەی بەوە کرد، کە ململانێی ئێستای نێوان ئیدارەی ئەمریکا و هێزە لیبڕاڵەکان، بە تایبەتی لە سایەی ناڕەزایەتییەکان دژی پۆلیسی کۆچ، هاوشێوەی "شەڕی ناوخۆییە"
ئیلۆن مەسک، سەرمایەداری ئەمریکی و خاوەنی کۆمپانیای تێسلا، لە کۆمێنتی پۆستەکەدا نووسیبووی، "بەڵێ وا دەردەکەوێت بابەتەکە بەو شێوەیە بێت کە تۆ دەیڵێیت".
ئەم کۆمێنتەی خاوەنی کۆمپانیای تێسلا و پلاتفۆرمی ئێکس، هاوکاتە لەگەڵ سەرهەڵدانی شەپۆلێکی بەرفراوانی خۆپیشاندان لە چەندین شاری ئەمریکا.
رۆژی هەینیی رابردوو، هەزاران کەس لە شاری مینیاپۆڵس لە ویلایەتی مینیسۆتا رژانە سەر شەقامەکان، هەروەها خۆپیشاندانەکان شارەکانی لۆس ئەنجلەس، بۆستن، نیویۆرک و پۆرتلاندی ویلایەتی ئۆریگۆنیشی گرتەوە.
خۆپیشاندەران ناڕەزایەتیی توندیان دژی ئۆپەراسیۆن و رێکارەکانی فەرمانگەی کۆچ و گومرگ (ICE) دەربڕی، کە ئەمەش دۆخێکی گرژی لەو شارانەدا دروست کردووە.