لانا وەریکات: لووتکەی جیهانیی حکوومەتەکان هەوڵە مرۆییەکان یەکدەخات

بەڕێوەبەری رێکخراوی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان (یونیسێف)، بۆ وڵاتانی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو، جەختی لەوە کردەوە، لووتکەی جیهانیی حکوومەتەکان پلاتفۆرمێکی نێودەوڵەتیی گرنگە بۆ ئاڵوگۆڕکردنی دیدگاکان و یەکخستنی هەوڵەکان سەبارەت بە پرسە مرۆیییەکان و هەوڵە بە پەلەکان، بەتایبەت لە زیادبوونی قەیرانەکان و خراپتربوونی کاریگەریی ململانێ و کارەساتەکان لەسەر منداڵان و خێزانەکان لە ناوچە جیاجیاکانی جیهاندا.

چوارشەممە 4ـی کانوونی دووەمی 2026، لانا وەریکات بەڕێوەبەری رێکخراوی داکۆکیکار لە مافەکانی منداڵانی (یونیسێف) کە سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانە، رایگەیاند، بەشداریکردنی یونیسێف لەم لووتکەیەدا لە چوارچێوەی پابەندبوونییەتی بە کارکردن لەگەڵ حکوومەتەکان و هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان بۆ دۆزینەوەی چارەسەری بەردەوام کە منداڵان بخاتە چەقی سیاسەت و بڕیارە جیهانییەکانەوە، ئاماژەی بەوەشکردووە، لووتکەکە دەرفەتێکی راستەقینە دەڕەخسێنێت بۆ تێپەڕین لە گفتوگۆوە بەرەو کارکردن، لە پابەندبوونەکانەوە بەرەو چارەسەری کردەیی و جێبەجێکراو.  

جەختی لەوەشکردووەتەوە، ئیمارات هاوبەشێکی ستراتیژیی و سەرەکیی یونیسێفە، روونیشیکردووەتەوە، هاوکارییە هاوبەشەکان لە ماوەی ساڵانی رابردوودا گەشەسەندنێکی جۆرییان بەخۆوە بینیوە، چ لەسەر ئاستی قەبارەی پشتیوانییەکان یان سروشتی هاوبەشییەکان؛ بە جۆرێک کە ئەم هاوکارییە تەنیا لە بواری دارایی کورت نەبووەتەوە، بەڵکو پشتیوانیکردنی هەوڵە دیپلۆماسییە نێودەوڵەتییەکان، بەهێزکردنی کارە فرەلایەنەکان و چەسپاندنی ئاگربەستی مرۆیی لە ناوچەکانی ململانێشی گرتووەتەوە.

لانا وەریکات، گوتیشی،"ئیمارات لە ماوەی رابردوودا رۆڵێکی گرنگی گێڕاوە لە پشتگیریکردنی وەڵامدانەوەی مرۆیی بۆ ژمارەیەک لە قەیرانە گەورەکان، لەوانە غەززە و هایتی و بەنگلادیش، لەگەڵ وەڵامدانەوەی کارەساتە مرۆیی و سروشتییەکان لە ناوچە جیاجیاکانی جیهاندا، جەختیشی کردەوە،" ئەم پشتیوانییە هەمەلایەنە بووە و کۆکەرەوەی دابینکردنی دارایی و پشتیوانی سیاسی و بەشداریکردن بووە لە کردنەوەی رێڕەوە مرۆییەکان، جگە لە پشتگیریی هەوڵەکانی بوژانەوەی پێشوەختە و دووبارە ئاوەدانکردنەوە.

لانا وەریکات، جەختی لەوەشکردووەتەوە، بەشداریکردنی یونیسێف لە لووتکەی ئەمساڵدا سەرنج دەخاتە سەر چەند پرسێکی ژیانی، کە لە پێشەنگیاندا برسییەتی و بەدخۆراکییە، بەتایبەت لە سایەی زیادبوونی مەترسیداری ژمارەی ئەو منداڵانەی کە لەو وڵاتانەی بەدەست ململانێوە دەناڵێنن تووشی نائارامیی خۆراکی بوونەتەوە، باسی لەوەشکردووە، پرسی خۆراک لە پێشینەی کارەکانی یونیسێفە، چونکە کاریگەری راستەوخۆی لەسەر مانەوەی منداڵان و گەشەکردن و داهاتوویان هەیە.

هاوکات ئاماژەی بە بەشداریکردنی یونیسێف کرد لەو دانیشتنانەی لووتکەکە کە باسیان لە پرسەکانی پەروەردە، بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا نوێیەکان و ژیریی دەستکرد لە پشتگیریکردنی سیستەمەکانی خوێندن کردوە، لەگەڵ پرسی گۆڕانی کەشوهەوا و کاریگەرییە پەرەسەندووەکانی لەسەر ژیانی منداڵان و خێزانەکان، جەختیشی لەسەر گرنگی دۆزینەوەی چارەسەری سیاسی و دارایی داهێنەرانە و بەردەوام کردەوە کە وەڵامدەرەوەی ئەم ئاڵنگارییانە بن.

لانا وەریکات جەختی لەوەشکردووەتەوە، وەبەرهێنان لە منداڵاندا، بەردەوامترین وەبەرهێنانە لە داهاتووی کۆمەڵگەکاندا، هەروەها  پێزانینی یونیسێفی دەربڕی بۆ ئەو رۆڵە پێشەنگەی کە دەوڵەتی ئیمارات دەیگێڕێت لە پشتگیریی مافەکانی منداڵان و کارە مرۆیی و گەشەپێدانەکان لەسەر هەردوو ئاستی ناوچەیی و جیهانی.