ئەمرۆ فیلمی "جیران" لە بەریتانیا نمایش دەکرێت

فیلمی سینەمایی "جیران" کە لە دەرهێنانی مانۆ خەلیلە و کۆمەڵێک ئەکتەری کورد و عەرەب رۆڵی تێدا دەگێڕن، بڕیارە لە نمایشێکی تایبەتدا لە شاری نیوکاسڵ لە بەریتانیا نمایش بکرێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 4ـی شوباتی 2026، مانۆ خەلیل، دەرهێنەری ئەو فیلمە، دەربارەی نمایشکردنی بەرهەمەکەی، بە کوردستان24ـی راگەیاند، فیلمی سینەمایی "جیران" بەشداری زیاتر لە 300 فێستیڤاڵی جیهانی کردووە و زیاتر لە 70 خەڵاتی بەدەستهێناوە، فیلمەکە لە وڵاتەکانی وەکو، ئەمریکا، سویسرا، سلۆڤاکیا، کەنەدا و ئیسرائیل و دانیمارک، سوێد و فینلاند نمایشکراوە و لە زۆربەیان خەڵاتی گەورەی بەدەستهێناوە.

 مانۆ خەلیل گوتیشی: فیلمەکە باس لە چیڕۆکی منداڵێکی کوردی 6 ساڵان دەکات، کە لە گوندێکی نزیک سنووری باکوور و رۆژاوای کوردستان لە شاری قامشلۆ دەژی و بنەماڵەکەی لەنێوان دوو دەوڵەتی تورکیا و سووریا دابەش کراون، هەروەها فیلمەکە باس لە 50 ساڵ ستەمی رژێمی بەعس دەکات، فیلمەکە بۆ هەر کوردێک پڕە لە ئێش و بیرەوەریی ناخۆش، وەکو ئەو منداڵەی کە لەسەر قسەکردن بە زمانی کوردی لێدانی دەخوارد، لە قوتابخانە بە عەرەبی و لە ماڵەوە بە زمانی کوردی قسەی دەکرد، ئەو سنوورەی کە زەوی، ماڵ، فەرهەنگ، هەست و مرۆڤایەتی دابەش دەکرد.

ئەو دەرهێنەرە ئاماژەی بەوەشدا، له‌ژێر ناوی پشتێنی عەره‌بی و بە هێنانی ئه‌و عه‌ره‌بانه‌ی که به زۆر له جێی کوردەکان دادەنران، لە هەوڵی گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکە بوون، لەلایەکی ترەوە چیڕۆکی جووەکانی سووریا کە ناچار بوون ماڵ و موڵکی خۆیان بەجێ بهێڵن و کۆچ بکەن، ئەوی تریان دەربارەی مامۆستایەکی عەرەبە کە لە پایتەختەوە هاتووە بۆ دیمەشق و دروشمگەلی "نەتەوەی عەرەب یەکن" و "سووریای ئەسەد" و چەندین دروشمی دیکە بە زۆر دەکاتە مێشکی قوتابییەکانەوە.

هەروەها فیلمی سینەمایی "جیران" کە مانۆ خەلیل  دەرهێنەری فیلمەکەیە، بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە، 4ـی شوباتی 2026، لە شاری نیوکاسڵ لە بەریتانیا نمایش بکرێت.

مانۆ خەلیل، دەرهێنەری سینەمایی، خەڵكی رۆژئاوای كوردستانە، ئێستا لە وڵاتی سویسرا دەژی، كاری دەرهێنانی بۆ زیاتر لە 20 فیلم كردووە و چەندین خەڵاتی نێودەوڵەتی بەدەستهێناوە.