هیوا ئەفەندی وردەکاریی خزمەتگوزارییە نوێیەکانی 'KRD Pass' ئاشکرا دەکات
هەنگاوێک بەرەو حکوومەتی تەواو دیجیتاڵی؛ هەموو خزمەتگوزارییەکان لە یەک دەروازەدا کۆ دەکرێنەوە
سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆژیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەراوێزی لوتکەی جیهانیی حکوومەتەکان لە دوبەی، زنجیرەیەک گۆڕانکاریی ریشەیی لە سیستەمی دیجیتاڵیی حکوومەت راگەیاند. ناوبراو ئاشکرای کرد کە لە چەند رۆژی داهاتوودا مۆڵەتی شۆفێری دەبێتە دیجیتاڵی و لە 10ـی ئەم مانگەشدا پرۆژەیەکی نوێی پارەدانی ئەلیکترۆنی دەخرێتە کار، ئەمەش وەک بەشێک لە جێبەجێکردنی ستراتیژیی حکوومەت بۆ کۆکردنەوەی سەرجەم خزمەتگوزارییەکان لە یەک دەروازەی ئەلیکترۆنیدا.
چوارشەممە، 4ـی شوباتی 2026، هیوا ئەفەندی، سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆژیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەبارەت بە گرنگیی بەشداریکردنی شاندی هەرێمی کوردستان لە لوتکەی جیهانیی حکوومەتەکان لە دوبەی تایبەت بە کوردستان24ـی گوت: "ئەم لوتکەیە کە بە بەشداریی زیاتر لە 40 سەرۆک و سەرۆکوەزیران، 600 وەزیر و سەدان بەڕێوەبەری کۆمپانیا جیهانییەکان بەڕێوە دەچێت، ئەم لوتکەیە دەرفەتێکی زێڕینە بۆ هەرێمی کوردستان تا پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی لەپێناو بەرژەوەندیی باڵای کوردستان پەرە پێ بدات."
ناوبراو ئاماژەی بەوە دا، هەرچەندە هەرێمی کوردستان لە رووی یاساییەوە دەوڵەتێکی سەربەخۆ نییە، بەڵام لە رووی پرۆتۆکۆڵی و سیاسییەوە، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وەک وڵاتێکی سەربەخۆ و خاوەن پێگەی بەهێز مامەڵەی لەگەڵ دەکات.
سەبارەت بە ئاستی تەکنەلۆژی و دیجیتاڵی، هیوا ئەفەندی روونی کردەوە، کە هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی جیهان خاوەنی ژێرخانێکی دیجیتاڵیی پێشکەوتووە.
ئەو گوتی: "ئەگەر کوردستان بەشێک نەبووایە لە عێراق و سەربەخۆ بووایە، ئێستا لە کێبڕکێ و ریزبەندییە جیهانییەکاندا لە ئاستێکی زۆر بەرزتردا دەبووین، بەڵام بارودۆخی گشتیی عێراق کاریگەریی لەسەر دابەزاندنی پێگەی ئێمە لە ڕیزبەندییە نێودەوڵەتییەکاندا هەبووە." جەختیشی کردەوە کە ئاییندەی تەکنەلۆژیا لە هەرێمی کوردستان زۆر روون و گەشە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆژیا و زانیاری وردەکاریی خزمەتگوزارییە نوێیەکانی ئاشکرا کرد و گوتی: "لە رۆژانی داهاتوودا، ئەو هاووڵاتییانەی ئەپی (KRD Pass) بەکار دەهێنن و خاوەنی مۆڵەتی شۆفێریی نوێن، دەتوانن وێنەی دیجیتاڵیی مۆڵەتەکەیان لەناو ئەپەکەدا ببینن".
هەروەها رایگەیاند: کە لە رۆژی 10ـی ئەم مانگەدا، پرۆژەیەکی نوێ بۆ پارەدانی ئەلیکترۆنی رادەگەیەنن، کە دەبێتە هۆی ئەوەی زۆربەی خزمەتگوزارییەکان لە ڕێگەی یەک ئەپڵیکەیشنەوە پێشکەش بکرێن.
دیدگای سەرۆکوەزیران بۆ حکوومەتی دیجیتاڵی
هیوا ئەفەندی ئاماژەی بەوە دا، کە ئامانجی سەرەکییان جێبەجێکردنی دیدگای مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، کە جەخت لەوە دەکاتەوە دەبێت هاووڵاتی لە داهاتوودا جگە لە مۆبایلەکەی، پێویستی بە هیچ ئامرازێکی دیکە نەبێت بۆ ڕایی کردنی مامەڵەکانی.
هەروەها گوتیشی: بڕیارە ئەپی (KRD Pass) ببێتە جزدانێکی ئەلیکترۆنیی گشتگیر، کە تێیدا هاووڵاتییان دەتوانن سزاکانی هاتووچۆ ببینن، کرێی ئاو، کارەبا و خزمەتگوزارییەکانی دیکەی لێوە بدەن.
تەوەرەکانی لوتکەی حکوومەتەکان دووبەی
سەبارەت بە ناوەرۆکی لوتکەکە، ناوبراو روونی کردەوە کە گفتوگۆکان لەسەر چەند تەوەرێک سەرەکی چڕ بوونەتەوە، ئەوانیش؛ ئامادەکردنی سەرکردەکانی داهاتوو، گۆڕانکارییە دیمۆگرافییەکانی شار و ناوچەکانی جیهان، هەروەها دۆخی دەروونیی کۆمەڵگەکان. هەروەها ئاماژەی بە بوونی پەیوەندیی راستەوخۆ و بەهێز لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حکوومەتی ئیمارات کرد بۆ سوودوەرگرتن لە ئەزموونەکانیان.