ئەڵمانیا هێزەکانی لە هەرێمی کوردستان کەمدەکاتەوە
فەرماندیی هێزە چەکدارەکانی ئەڵمانیا لە پێگەی خۆی بڵاویکردووەتەوە، ژمارەی هێزەکانیان لە هەرێمی کوردستان کەمدەکەنەوە، هۆکارەکەشی بۆ لایەنی هونەری و ئەمنی گەڕاندووەتەوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوی فەرماندەیی هێزە چەکدارەکانی ئەڵمانیا، ئەو سەربازانەی مانەوەیان پێویست نییە لە هەرێمی کوردستان دەکشێنەوە، ئەوەش بەشێوەیەکی کاتی و لەچوارچێوەی دووبارە دابەشکردنەوەی هێزەکانیانە، بەڵام باس لەوە نەکراوە، ئەڵمانیا چەند سەرباز لە هەرێمی کوردستان دەکشێنێتەوە و چەندیان دەهێڵێتەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەو هێزانەی لە هەرێمی کوردستان دەمێننەوە بەردەوام دەبن لە ئەرکەکانیان بەهەماهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق.
ئەوە لە کاتێکدایە، 30 مانگی رابردوو پەرلەمانی ئەڵمانیا ماوەی مانەوەی هێزەکانی وڵاتەکەی لە هەرێمی کوردستاندا تا 31 ـی کانوونی دووەمی ساڵی 2027 درێژ کردەوە و بڕی 109 ملیۆن یۆرۆی بۆ خەرجی ساڵێکی هێزەکانی تەرخان کرد. ئەڵمانیا زیاتر لە 500 سەربازیی خۆی لەچوارچێوەی هێزی ناتۆ، لە هەولێر و بەغدا جێگیر کردووە.