بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی کۆنگرەی تەندروستی میزۆپۆتامیا لە هەولێر بەڕێوەدەچێت

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 5ـی شوباتی 2026، بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی و بە بەشداریی 800 پزیشک و پسپۆڕی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، 11ـەمین کۆنگرەی تەندروستیی میزۆپۆتامیا لە هەولێر بەڕێوە دەچێت و بڕیارە سەرۆک بارزانی گوتارێک پێشکەش بکات.

کۆنگرەکە بۆ ماوەی دوو رۆژ بەردەوام دەبێت، تێیدا تیشک دەخرێتە سەر نوێترین پێشکەوتنە تەندروستی و پزیشکییەکانی جیهان، هاوکات گفتوگۆ لەبارەی رێگەکانی چارەسەرکردن و کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشییە باوەکان دەکرێت.

لەوبارەوە د. پاساک بەرزنجی سەرۆکی کۆنگرەی تەندروستی میزۆپۆتامیا و نەقیبی پزیشکانی کوردستان، بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەمە 11مین کۆنگرەی تەندروستی میزۆپۆتامیایە کە پزیشکانی کورد لە هەر چوارپارچەی کوردستان و دایاسپۆرا تێیدا بەشدارن، بۆ ئەمساڵ زیاتر لە 2564 پزیشک ناوی تۆمار کردووە بۆ بەشداریکردن لەم کۆنفرانسە، گوتیشی، ئەم کۆنفرانسە 130 موحازەرە یان پرێزێنتەیشنی پزیشکی تێدا پێشکەش دەکرێت کە زۆربەی بوارەکان دەگرێتەوە، لە 24 بەشی پزیشکی ئەم کۆنفرانسە تاوتوێی جۆری نەخۆشییەکان دەکات.

تیشکخستنە سەر داهێنانە جیهانییەکانی پزیشکانی کورد
پاساک بەرزنجی ئاماژەی بەوەدا، لە تەوەرێکی دیکەی کۆنگرەکەدا، باس لە نوێترین داهێنانە پزیشکییەکان دەکرێت، لەوانە پڕۆژەی (دڵی دەستکرد)ی دکتۆر ئازاد نەجاڕ، نەشتەرگەری گواستنەوەی جگەر بە ڕۆبۆت لەلایەن پرۆفیسۆر غازی زێباری، و نەشتەرگەرییە کەم وێنەکانی شێرپەنجە بە ڕۆبۆت لەلایەن پرۆفیسۆر حسێن بەکتاشەوە. هەروەها نوێترین توێژینەوەکان دەربارەی دەرمانی نوێی شەکرە و شێرپەنجە لە ئاستی جیهاندا تاوتوێ دەکرێن.

متمانەی نێودەوڵەتی و بڕوانامەی شاهانەی بەریتانی
یەکێک لە دەستکەوتە هەرە گرنگەکانی ئەم کۆنگرەیە، بەدەستهێنانی بڕوانامەی متمانەی (CPD)یە لە کۆلیژی شاهانەی بەریتانیا (Royal College) بۆ جاری دووەم. د. پاساک جەختی کردەوە، کە ئەمە دانپێدانانێکی نێودەوڵەتییە بە بەرزیی ئاستی زانستیی ئەو توێژینەوە و بابەتانەی لە کۆنگرەکەدا پێشکەش دەکرێن.

کۆنگرەیەک بۆ گۆڕانکاری لە شێوازی چارەسەر (Practice Changing)
سەرۆکی کۆنگرەکە دەڵێت: ئامانجی سەرەکییان "گۆڕینی شێوازی کارکردنی پزیشکییە" بەرەو مۆدێرنبوون. گوتیشی: "ئەم کۆنگرەیە وا لە پزیشکان دەکات زانیارییەکانیان ئەپدەیت بکەنەوە و لەبری بەکارهێنانی رێگە و دەرمانە کۆنەکان، پەنا بۆ نوێترین دۆزینەوە زانستییەکان ببەن کە سوودی زیاتریان بۆ نەخۆش هەیە."

هەماهەنگی لەگەڵ کەرتی تایبەت
سەرۆکی کۆنگرەی تەندروستی میزۆپۆتامیا  باسی لەوەکرد، 20 کۆمپانیای ستراتیژی وەک سپۆنسەر و هاوکار بەشدارن، کە جگە لە پاڵپشتی دارایی، رۆڵیان هەیە لە ئاشناکردنی پزیشکان بەو دەرمانە نوێیانەی هاتونەتە ناو بازاڕی هەرێمی کوردستانەوە.

ئەم کۆنگرەیە بە ئامادەبوونی پزیشکانی کورد لە وڵاتانی (کەنەدا، ئەمریکا، سوید، نەرویج، بەریتانیا، فەڕەنسا، ئەڵمانیا، کازاخستان و وڵاتانی کەنداو) بەڕێوەدەچێت، کە نیشانەی بایەخی پزیشکانی کوردە لە دیاسپۆرا بۆ پەرەپێدانی کەرتی تەندروستی لە نیشتمان.