زێلێنسکی: لە ساڵی 2022ـەوە تەنیا 55 هەزار سەربازمان کوژراون

ڤلادیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا رایدەگەیەنێت، لە سەرەتای دەستپێکردنی هێرشە سەربازییەکانی رووسیا بۆ سەر وڵاتەکەی لە ساڵی 2022ـەوە، تەنیا 55 هەزار سەربازی ئۆکراینی کوژراون.

زێلێنسکی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "فرانس 2"ی فەرەنسی گوتی: "لە ئۆکرانیا، ئاماری فەرمی کوژراوان لە بەرەکانی جەنگ، چ سەربازی رێکخراو بن یان ئەوانەی بەهۆی باری نائاساییەوە چوونەتە بەرەکانی جەنگ ، دەگاتە 55 هەزار کەس."

ئەم لێدوانانەی زێلێنسکی لەکاتێکدایە، ژمارەیەک لە چاودێرانی سیاسی و سەربازیی ئۆکرانی و بیانی چەندین جار ئاماژەیان بەوە کردووە، ئەو ئامارانەی کیێڤ بە فەرمی رایان دەگەیەنێت، زۆر لە راستییەوە دوورن و قەبارەی زیانە مرۆییەکان زۆر لەوە زیاترە کە رادەگەیەنرێت.

لەم چوارچێوەیەدا، لە مانگی تەممووزی رابردوودا رۆژنامەی "لومۆند"ی فەرەنسی لە راپۆرتێکدا ئاشکرای کردبوو، دەسەڵاتدارانی کیێڤ بە ئەنقەست ئاماری کوژراوەکانیان کەم دەکەنەوە، ئەمە لەکاتێکدایە گۆڕستانەکانی ئۆکرانیا شوێنیان بۆ ناشتنی تەرمی کوژراوان، نەماوە.

زێلێنسکی پێشتر و لە شوباتی ساڵی رابردوو لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ پیرس مۆرگان، رۆژنامەنووسی بەریتانی رایگەیاندبوو، زیانەکانی سوپای ئۆکرانیا 45,100 کوژراو و نزیکەی 390 هەزار بریندارە. هەروەها لە نیسانی 2025 لە چاوپێکەوتنێکی دیکەدا لەگەڵ تۆڕی "سی بی ئێس" ئاماژەی بەوە کردبوو کە زیانەکانیان گەیشتووەتە 100 هەزار سەرباز.

لە بەرانبەردا، ئەرکانی گشتیی سوپای رووسیا لە شوباتی رابردوو رایگەیاند، زیانەکانی سوپای ئۆکرانیا تەنیا لە ساڵی 2024دا 590 هەزار کەسی تێپەڕاندووە، و لە سەرەتای جەنگیشەوە زیاتر لە یەک ملیۆن سەربازی ئۆکراینی کوژراون.