ئیمارات جەختی لە پشتیوانی و هاوکاریکردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کردەوە
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 5ـی شوباتی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە دوبەی، لەگەڵ محەممەد قرقاوی، سەرۆکی لووتکەی جیهانیی حکوومەتەکان و وەزیری کاروباری ئەنجوومەنی وەزیرانی ئیمارات كۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی حکوومەت پیرۆزبایی سەرکەوتنی لووتکەکەکەی لە محەممەد قرقاوی کرد کە ئەمڕۆ بووەتە یەکێک لە گرنگترین کۆنفرانس و لووتکەکانی ناوچەکە و جیهان.
هەروەها سوپاسی هاریکاری و پشتیوانیی بەردەوامی دەوڵەتی ئیماراتی کرد، کە نموونەیەکی پێشکەوتوو و گەشەسەندووی ئابووری و حوکمڕانییە.
وەزیری کاروباری ئەنجوومەنی وەزیرانی ئیمارات، سوپاسی بەشداری و ئامادەبوونی سەرۆکی حکوومەتی لە لووتکەکە کرد و جەختی لە بەردەوامبوونی پشتیوانی و هاوکاریکردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بوارە جۆراوجۆرەکان کردەوە، لەم ڕووەوە ئاماژە بە پلاتفۆرمی یاسایی درا کە بڕیارە لەم نزیکانەدا، بکەوێتە بواری جێبەجێکردن، کە بەشێکە لە بڕگەکانی ئەو یاداشتی لەیەکتێگەیشتنەی کە لەنێوان هەردوولادا واژۆ کراوە.


